لە نێوان رێکەوتنێکی مێژوویی و ناچاریدا
2/2/2026 4:37:00 PM
حەمەی حەمە سەعید
زنجیرە رێکەوتنەکانی نێوان کورد و حکومەتی دیمەشق، رێگرێکی گەورە بوون لە بەردەم کۆمەڵکوژی و ئاوارەکردن و سڕینەوەی شوێنەواری ژیانی کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا بە گشتیی و رۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی.
ھەسەدە بە هەنگاوە سیاسی و سەربازییەکانیان و جوڵاندنی شەقامی کوردی خاڵیان لە کۆتایی قۆناغی رابردووی شەڕ بۆ مانەوە دانا و سەرەتایەکی تازەیان لە خەبات و شەڕکردن بۆ بەشداری و چەسپاندنی مافە بنەڕەتییەکانی کورد لە سوریای نوێ دەست پێکرد.
گەلی کورد لە سوریا، وێنایەکی شارستانیانە و جوانی لە کوردبوون و پێکەوەژیان و شەڕکردن لە دژی تیرۆر پیشانی جیهان دا، ئەمەش بۆ هەمیشە لاپەڕەیەکی گەشە لە مێژووی جوڵانەوەی رزگاریخوازی کوردیدا.
لە پاڵ قوربانیدان و جەربەزەیی شەڕڤانان و ئارامگری گەلی کورد لە رۆژئاوا و دانایی و ژیری سیاسەتی سەرکردایەتی و بەڕێوبەرایەتی خۆسەر، ئەو پشتیوانی و یەک دەنگییەی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و لە رێزی رەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات و ئەو سۆز و پشتیوانییەی ئازادیخوازانی جیهان بۆ پرسی کوردیان دەربری، هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی ئیرادەی کوردن لە سوریای نوێدا.
مێژوو سەلماندویەتی، ھەرکات کورد لەبەرامبەر مەترسییەکانی سەرخۆی، تەبا بووبێت و یەکێتی ریزەکانی پاراستبێت، سەرکەوتوو بووە و توانیویەتی ئاستەنگە سیاسی و سەربازی و ئیداری و ئابوورییەکان ببڕێت و سەرکەوێت بەسەر کێشەو دژواریەکاندا.
سەرەڕای فشارە دەرەکییەکان، کۆتوبەندە سیاسییەکان، هەڵگەڕانەوەی هاوکێشەکان بە قازانجی دیمەشق و دەسەڵاتە تازەکەی، هەسەدە توانی بە چوونە ناو پڕۆسەی دانووستان و گفتوگۆ، وا دیارە بەشێکی گرنگ لە خواست و داواکارییە سیاسی و ئیداری و کولتووری و ئەمنییەکانی بەدەستبهێنێت، ئەگەرچی ئەو بەشە لە ئاست خواست و هیوا و ئاواتی کورد نەبن.
هاوکات بۆچوونی لەو شێوەیەش هەن، کە لە کرۆکی رێکەوتنەکان کەم دەکەنەوە و تەنانەت بە "تەسلیمبوون" ناوزەدیان دەکەن، بەڵام من پێم وایە، ئەگەر نیازپاکی هەبێت و دەسەڵاتدارانی دیمەشق مەبەستیان کات کوشتن و بەدەستهێنانی دەرفەتی لەبارتر نەبێت، وەک ئەوەی بەعس لە ماوەی رێکەوتنی ئۆتۆنۆمیدا کردی، ئەوا: دەکرێت ئەوەی ئێستا بەدەست دێت، بە گرنگ و کاریگەر لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازی کورد لە سوریا ناوی بەرین.
پێویستە ئەوەشمان لەبەرچاو بێت، لە پڕۆسەی دانووستاندا، تەنیا وەرگرتن لە ئارادا نیە، سازش و نەرمی نواندن و دابەزین لە میچی داواکارییەکانیش ئەگەری کراوەن لە پێناو گەیشتن بە رێکەوتن.
گرنگە لە هەڵسەنگاندنی دۆخی رۆژئاوادا، ئەو راستییەمان لەبەر چاو بێت، کە ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی بەهێز (عەرەبی، تورکی، ئەمەریکی و ئەوروپایی) هەیە، کە پشتیوانی لە بەهێزبوونی دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەکات و بەیەکەوە جەخت لەسەر درووشمی "پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکەنەوە".
لە هەموو ئەگەرەکاندا، ئەوەی بەدەستهاتووە، یان دێت نابێت لە بەهای کەم بکرێتەوە، کورد لە رۆژئاوا، لە دۆخی سەدەیەک نکوڵی لێکردنەوە، ئێستا بووەتە بەشێک لە پڕۆسەی سیاسی و کارەکتەرێکی بەهێزی ناعەرەبی لە "سوریای عەرەبیدا" ئاخر پێدانی وڵاتینامە، خوێندن بەکوردی ئەمە دوو دەستکەوتی گەورەن.
رێکەوتنی هەسەدە و دیمەشق، نەیاری ناوخۆیی و هەرێمایەتی هەن، بەشێک لەوانە بە ئاشکرا دژایەتی رێکەوتنەکە دەکەن، ئەگەرچی سەرۆکی فەرەنسا وتویەتی: "من زەمانەتی جێبەجێکردنی دەکەم"، بەڵام ئەمە تەنیا بەڵێنی زارەکییە، ئەمەش وایکردووە، کورد لە رۆژئاوا وەک بەشێک لە پڕۆسە سیاسییەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕێت.
بۆیە دەبێ لەتەک ئەو رووداو و پێشھاتانەی لە ناوچەکەدا دادێن و بەڕێوەن: سەرکردایەتی کورد لە رۆژئاوا و فەرمانداری هەسەدە بە تایبەت ئاگادارو وریایی زۆرو زیاتر بەخەرج بدەن و هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوە بێت، ئەو دەستکەوتانەی بەدەستدێن، بخرێنە چوارچێوەیەکی دەستوری و یاسایی و لە دەستوری تازەی سوریادا جێ بکرێنەوە.
هەوڵ و کۆششەکانی بەدیهێنانی ئاشتی و چەسپاندنی زیاتری مافەکانی کورد و رێگریی لە شەڕ و ماڵوێرانی لە سوریا، جێی رێز و پێزانینن و دەستخۆشییە بۆ هەموو ئەو کارەکتەرە سیاسیانەی کورد، کە رۆڵیان هەبوو لە سەرخستنی پڕۆسەکە لە قازانج و بەرژەوەندی کورددا.
ھەروەھا یەکهەڵوێستی و یەکدەنگی و پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات بۆ پشتیوانییان لە ئەزموونی رۆژئاوا، جێگەی رێزو پێزانینە چونکە بەو پشتیوانی و یەکدەنگییە، رێگری لە قڕکردن و کۆمەڵکوژی و شەڕێکی ماڵوێرانکەر کراو گۆڕدرا بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان.
ئینشائەڵا سەربگرێت و نەیارانی کورد تێکی نەدەن.