20 کوردستان

پەرلەمانتارێكی بەریتانیا لەسەر كورد نامەیەك بۆ وەزیری دەرەی ووڵاتەكەی دەنێرێت

12:27 - 22/01/2026

كاوە ڕەش/ بەریتانیا

جێرمی كۆربین پارلەمانتاری بەناوبانگی بەریتانیاو سەرۆكی حیزبی (your party) نامەیەكی فەرمی  بۆ وەزیری دەرەی ووڵاتەكەی ئیڤێتکوپەر، پەرلەمانتارو وەزیری دەرەوە بۆکاروباری کۆمۆنوێڵس و گەشەپێدان، سەبارەت بە دۆخی نالەباری گەلی کورد لەسوریا نووسیوە.

لەنامەكەدا تێدا داوا لەوەزیری دەرەوەو حکومەتی بەریتانیا دەكات، كە پێویستە هەموو هەوڵێک بدات بۆ ڕێگریکردن لەهەر زیانێکی زیاتری گیانی بۆسەر گەلی كورد و گوشار لەسوریا بكرێت، بۆ پابەندبوون بەیاسا نێودەوڵەتییەکان و پشتگیری لە چارەسەرییەکی ئاشتیانە کە ڕەگ و ڕیشەی لەیەکسانی و گشتگیری و دادپەروەریدا  هەبێت بۆ كورد لەسوریا بكرێت.

لەنامەیەكی دوو لاپەڕەیدا بۆ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، جێرمی كۆربین دەڵێت;

بەڕێز وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دەمەوێت لەم نامەیەدا، سەرنجتان لەسەر دۆخی گەلی كورد لەسوریا ڕابكێشم، دوای ئەو ڕاپۆرتانەی لەسوریاوە دەگەن و لەئەنجامی سەرهەڵدانی جەنگی نێوان حوكمەتی هێزە كوردیەكان، لە دوو گەڕەكی شاری حەلەب و كشانەوەی كورد لەوو دوو گەڕەكە، باس لەئاوارە بوونی زیاتر لە ١٥٥ هەزار هاووڵاتی مەدەنی دەكەن كە زۆربەیان كوردن. بەئاڵۆزبوونی  ڕەوشەكەش، دەبێتە هۆی مەترسی زیادبوونی كوشتن وێرانكاریی و ئاوارەبونی زیاتری مرۆیی.

ئەو ئەندام پارلەمانتارەی بەریتانیا دەڵێت، لەبازنەی هەڵبژاردنی مندا، ژمارەیەكی زۆر ڕەوەندی كوردیی هەیەو پەیوەندیان پێوەكردوم، بەقوڵی نائومێدو نیگەرانی ڕەوشی گەلی كوردن لە سوریا. سەرەڕای بەدەواومی سەختیی نالەباری دۆخی گەلی کورد لەسوریا، بەڵام لەمیدیاکانماندا ڕووماڵی ئەو ڕەوشە سنووردار كراوە.

جێرمی كوربین ئاماژەی بەوەداوە، پێشڕەوییە سەربازییەکانی ئەم دواییەی هێزەکانی حکومەتی سوریا، بەهەماهەنگی لەگەڵ تورکیا، بووەتە هۆی نوێبوونەوەی ئاسۆی شەڕی ناوخۆ و گوشارو گۆشەگیریی سەر گروپە کەمینەکان. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، نیگەرانی جددییان سەبارەت بەدەستگیرکردن و كوشتن و ،بێسەروشوێنکردن و لەسێدارەدانی هەڕەمەكی هەیە، لەدەرەوەی یاسا، ئەو ئاڵۆزیانە بونەتە هۆی تۆڵە سەندنەوە لەخەڵکی مەدەنی و هێرشکردنە سەر ژێرخانی مرۆیی.

گەلی کورد لەمێژە مافی چارەی خۆنووسینی لێ زەوت کراوە. گەلی کورد بەکۆی گشتی نزیکەی ٤٠ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت. یەکێکە لەگەورەترین نەتەوەکانی جیهان، کەهێشتا وڵاتی دانپێدانراوی خۆیان نییە. وەک دەزانن من لەمێژە لایەنگری مافی چارەی خۆنوسین و دیموکراسی و ئازادیی کورد بووم. زۆر گرنگە کە هەموومان دان بەمافی ڕەوای گەلی کورد لەسوریا، عێراق، ئێران، تورکیا و دەرەوەی وڵاتاندا بنێن، بۆ بڕیاردان لە داهاتووی خۆیان. 

لەبەشێكی دیكەی نامەكەیدا ئەو پارلەمانتارەی دۆستی كورد ڕوو دەكاتە وەزیری ناوخۆی ووڵاتەكەی و دەپرسێ؟
بۆیە ئەم نامەیەت دەنووسم بۆئەوەی لێتان بپرسم ئایا حکومەتەکەت دەیەوێت:

• پشتیوانی لەدانوستانە گشتگیرەکان لەنێوان دەسەڵاتدارانی سوریا و نوێنەرانی کورد بكات، بەئامانجی ئاگربەستی دەستبەجێ؟
• دەبێ داوای پاراستنی کۆنکرێتی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی و کەمینەکان بکەن، لەوانەش ڕێگری لەئاوەرە بوونی زۆرەملێی و  دووركەوتنەوە لەتۆڵەسەندنەوە.
• داکۆکیکردن لەدانپێدانانی دەستووری، بەشوناس و زمان و خۆبەڕێوەبەری ناوخۆیی کورد، لەسوریا.
• پشتگیری لەمیکانیزمەکانی چاودێری سەربەخۆ، بۆ سەرپەرشتیکردنی ئاگربەست و ڕێكخستن و بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ.

لەدوا پەیامدا دەڵێ،
دوای زیاتر لە دەساڵ شەڕ، هەموو سوورییەکان شایەنی ئاشتییەکی بەردەوامن. پێویستە حکومەتی بەریتانیا، هەموو هەوڵێک بدات بۆ ڕێگریکردن لەلەدەستدانی زیاتری ژیان و پابەندبوون بەیاسا نێودەوڵەتییەکان و پشتگیریکردن لەچارەسەرییەکی ئاشتیانە کەڕەگ و ڕیشەی لە دادپەروەری و یەکسانی و گشتگیری سیاسیدا هەبێت.

جێرمی كوربین لەساڵی ١٩٨٣-وە ئەندامی پارلەمانی بەریتانیایەو پێشتریش سەرۆكی پارتی كاری بەریتانیا بووە. ئێستاش وەك ئەندام پارلەمانێكی سەربەخۆ چۆتەوە نێو پارلەمان و حیزبێكی نوێی دامەزراندوە بەناوی (your party) 
بەدۆستێكی دێرینی كورد ناسراوەو بەردەوام پشتگیری دۆزی كورد دەكات، لە هەر چوارپارچەی كوردستان. 

لەزۆربەی بۆنەو  كۆبونەوەكانی ڕەوەندی كوردیی لەبەریتانیا ئامادەی هەیەو بەبڕوای جێرمی، بێ دەستەبەركردنی مافی گەل و نەتەوەیەكی ٤٠ ملیۆنی كەسی وەك كورد، ئەستەمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی بەرقەرار ببێت. 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن