نوێنەری هەژارەكان هاوپەیمانیەتیەكیان لە پەرلەمانی عێراق پێكهێنا
03:58 - 31/12/2025
زەمەن:-
لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ یەکخستنی کار و بەدواداچوون بۆ کێشەکانی پارێزگای زیقار، 17 پەرلەمانتاری ئەو پارێزگایە لە پەرلەمانی عێراق، پێکهێنانی "هاوپەیمانیی نوێنەرانی زیقار"ـیان راگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، مورتەزا ئیبراهیمی، یەکێک لە ئەندامانی هاوپەیمانییەکە، پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییەی بە هەنگاوێکی گرنگ وەسفکرد و ڕایگەیاند: "ئامانج لەم کارە یەکخستنی دیدگای پەرلەمانتارانی شارەکەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەران. هەروەها چاودێریکردنی وردی دۆسیەکانی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانە، ئەو دۆسیانەی ساڵانێکی زۆرە پارێزگاکە بەدەستیانەوە دەناڵێنێت."
وتیشی، هاوپەیمانییەکە چوارچێوەیەکی کرداری و رێکخراوە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی زیقار لەناو دامەزراوەی یاسادانان. کاردەکەن بۆ گۆڕینی داواکارییەکانی هاووڵاتییان بۆ بڕیار و یاسای پابەندکەر.
ناوبراو جەختیشی کردەوە، قۆناغی داهاتوو جموجۆڵێکی پەرلەمانیی بەکۆمەڵ بەخۆیەوە دەبینێت، ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ئازار وکارە لەپێشینەکانی شارەکەیان دەبێت. ئەمەش لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی خزمەتگوزاری، گەشەپێدان و دارایی و دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتییە بۆ گرفتەکان.
پارێزگای زیقار، بە ناوەندێتی شاری ناسریە، یەکێکە لە پارێزگا دەوڵەمەندەکانی عێراق بە سامانی نەوت و گاز، بەڵام هاوکات یەکێکە لەو پارێزگایانەی بەرزترین ڕێژەی هەژاریی تێدایە. بەپێی ئامارەکان، ڕێژەی هەژاری لەم پارێزگایە گەیشتووەتە 40%، ئەمەش لە کاتێکدایە چەندان کۆمپانیای گەورەی بواری وزە کاری تێدا دەکەن.