50 هەزار بۆ سزای دەنگی بەرزی هۆڕن و ئەگزۆز دیاریكرا
01:36 - 15/02/2026
زەمەن_هەواڵ
هاتووچۆی عێراق دەستپێکردنی سزای دارایی بۆ ئەو شۆفێرانە راگەیاند، کە بەهۆی دەنگی بەرزی هۆڕن یان دەستکاریکردنی ئەگزۆزی ئوتۆمبێلەکانیان دەبنە مایەی بێزارکردنی هاووڵاتییان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٥ی شوباتی ٢٠٢٦، حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی گشتیی عێراق ئاشکرایکرد،"بڕی 50 هەزار دینار وەک سزای دارایی بۆ هەر شۆفێرێک دیاری کراوە کە هۆڕن بە شێوەیەکی بێزارکەر بەکاربهێنێت، یان دەستکاریی ئەگزۆزی ئوتۆمبێلەکەی کردبێت و دەنگی بەرز و ناخۆش دەربکات."
ئاماژەی بەوە شکرد، ئەو دەنگانە لە شەقامەکاندا دەبنە هۆی بێزارکردنی پیادەڕەو و شۆفێرانی دیکە، هەروەها کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونی خەڵک دروست دەکەن، بۆیە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا بڕی سزاکان بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە روو لە هەڵکشان بکەن.
بەشێک لە هاووڵاتییانی بەغدا پێشوازی لە بڕیارەکە دەکەن و بە هەنگاوێکی گرنگی دەزانن بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاو، بەتایبەت ژمارەی ئوتۆمبێل لە شارەکەدا لە پێنج ملیۆن تێپەڕی کردووە.