پارێزگاری بانکی ناوەندی: نرخی دۆلار ناگۆڕێت
04:47 - 10/02/2026
زەمەن_هەواڵ
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند: "ئەو بەهایەی بانکی ناوەندی بۆ دۆلاری ئەمریکی دیاری کردووە، بەهایەکی جێگیرە و ناگۆڕدرێت، بەڵام بەهۆی ئەو پێشهاتە نوێیەی لە هاوردەکردندا هاتووەتە ئاراوە، وایکردووە بەشێک لە بازرگانەکان بۆ کڕینی دۆلار، روو لە بازاڕی رەش بکەن".
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٠ی شوباتی ٢٠٢٦، عەلی ئەلعەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، ئاشکرایکرد، شڵەژانی بازاڕی ڕەشی ئاڵوگۆڕی دراو و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەگەڕێنێتەوە بۆ مامەڵەی بەشێک لە بازرگانان و دەڵێت: "هەموو بازرگانان لەپێناو سەقامگیریی بازاڕ، دەبێت پابەندی رێکارەکانی بانکی ناوەندی بن و بۆ بەدەستهێنانی دۆلار بگەڕێنەوە بۆ کەناڵە فەرمییەکان، چونکە بانکی ناوەندی چاودێریی هەموو چالاکییە بازرگانییەکان دەکات".
وتیشی: "بەم نزیکانە ئەو بازرگانانە بۆ بەدەستهێنانی دۆلار دەگەڕێنەوە بۆ کەناڵە فەرمییەکان، بەمەش دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ بەهای ئاسایی خۆی، چونکە بانکی ناوەندی هیچ کێشەیەکی لە یەدەگی زێڕ و دراوی قورسدا نییە و بەردەوامە لە خستنەڕووی دۆلار، بۆیە تووشی هیچ گرفتێک نەبووینەتەوە".
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، ئەو شڵەژانەی لە بازاڕی دراودا هەیە، پێویستی بە رێکخستنەوە و کۆنترۆڵکردنی هەموو مامەڵە بازرگانییەکان هەیە، بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە بۆ کەناڵە فەرمییەکان و بەمەش دۆخەکە ئاسایی و سەقامگیر دەبێتەوە.
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، باسی لەوەشکرد: "ئێمە بازاڕی فەرمیی دراومان نییە، تەنیا بازاڕی رەشمان هەیە و سەرچاوەی دۆلاریش تەنیا بانکی ناوەندییە؛ ئەو دۆلارەشی لە بازاڕەکاندا هەیە، ئەو پارە زیادەیە کە لەلایەن هاووڵاتییانەوە دەستاودەست و مامەڵەی پێوە دەکرێت، چونکە بانکی ناوەندی دۆلار بۆ مامەڵەی نافەرمی و نایاسایی دابین ناکات، بەڵکو ئێمە چاودێریی کارە بازرگانییەکان و دابینکردنی کارئاسانییەکانیان بۆ دەکەین، بۆ ئەوەی رێچکەی یاسایی وەرگرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی بانکی ناوەندی رێکارەکانی بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان گەشە پێداوە".