57 جیهان

نەمسا قه‌ده‌غه‌ی كرد کچانى خوار 14 ساڵ لەچک بکەن

10:42 - 12/12/2025

زه‌مه‌ن – هه‌واڵ

 

 وڵاتی نه‌مسا، ڕێگە لە کچانی خوار تەمەن چواردە ساڵ دەگرێت لە خوێندنگەکاندا لەچک بکەن، ئەوەش بەلاى ڕێکخراوە مرۆییەکان و شارەزایانەوە جیاکارییە و دابەشبوونى کۆمەڵایەتى قووڵتر دەکاتەوە.

دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ پەرلەمانی نەمسا بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاساكه‌ی پەسەند کرد. یاساکە لە کچانی خوار تەمەن 14 ساڵى قەدەغە دەکات لە هەموو خوێندنگەکاندا لەچک بكه‌ن.

لە گفتوگۆکانی ڕۆژی پێنجشەممە، پارتی سەوزی ئۆپۆزسیۆن تاکە پارت بوو کە دژی قەدەغەکردنەکە دەنگی دا.

کلاودیا پلاکۆلم، وەزیری تێکەڵبوونى کۆمەڵایەتى، لە کاتی پێشکەشکردنی پڕۆژەیاساکەدا وتی "کاتێک داوا لە کچێک دەکرێت، جەستەى خۆى لە چاوى پیاوان بشارێتەوە ئەمە نەریتێکی ئایینی نییە، بەڵکو چەوساندنەوەیە".

بلاکۆلم، ڕوونیکردەوە، قەدەغەکردنەکە هەموو شێوەکانی سەرپۆشی ئیسلامی دەگرێتەوە، بە بورقەشەوە و لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندن لە مانگی ئەیلوولدا جێبەجێ دەکرێت.
لە مانگی شوباتەوە ماوەی ئەزموونى بۆ ڕوونکردنەوەی یاسا نوێیەکە بۆ مامۆستایان، دایکان و باوکان و منداڵان، بەبێ سەپاندنی هیچ سزایەک بەسەر سەرپێچیکاران، دەستپێدەکات، بەڵام ئەگەر سەرپێچی دووبارە بکرێتەوە، دایک و باوکان ڕووبەڕووی غەرامەی 150 بۆ 800 یۆرۆ دەبنەوە. حکومەت ڕایگەیاند، یاساکە کاریگەرى لەسەر نزیکەی 12 هەزار کچ دەبێت.

له‌به‌رامبه‌ردا حکومەتی نەمسا کە ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر دەبێتەوە بەهۆی زیادبوونی هەستی دژە کۆچبەران، لە سەرەتای ئەمساڵدا پڕۆژەیاساکەی پێشنیاز کردبوو، پاساوەکەى پاراستنی کچانە لە چەوساندنەوە.

پێشتر نەمسا لە ساڵی 2019 قەدەغەکردنی لەچک لە خوێندنگە سەرەتاییەکاندا سەپاند بوو، بەڵام دادگای دەستووری هەڵیوەشاندەوە.
ئەمجارە حکومەت پێداگری لەسەر دەستووریبوونى یاساکەی دەکات، بەڵام شارەزایان ئاماژەیان بەوەکردووە لەوانەیە جیاکاری دژی یەک ئایین بێت و منداڵان بخاتە دۆخێکی سەرلێشێواوییەوە.
ڕیکخراوەکانى مافى مرۆڤ چى دەڵێن؟
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە نەمسا ڕەخنەیان لە پڕۆژە یاسا نوێیەکە گرت.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دەڵێت "ئەمە جیاکارییەکی ئاشکرایە دژی کچانی موسڵمان" و بە "دەربڕینی ڕەگەزپەرستی دژی موسڵمانان" وەسفی کرد.

پارتی ئازادی نەمسا، کە ڕاستڕەوی توندڕەو و دژە کۆچبەرانە قەدەغەکردنەکەی بە ناتەواو زانی و داوای کرد قەدەغەکردنەکە فراوان بکرێت بۆ ئەوەی هەموو خوێندکاران و مامۆستایان و کارمەندانی دیکە بگرێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن