38 عیراق

"بەناو راوێژكارەكە" بەپێنج ساڵ حوكمدرا... زانیاری لە كۆمێنتە

03:07 - 23/06/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 دادگای تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا، بە تۆمەتی فێڵکردن و بەکارهێنانی ناوی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ وەرگرتنی پارە، سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی توندی بەسەر (یەزەن مەشعان جبووری)دا سەپاند.

 ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦،  لە بەیاننامەیەکدا دەستەی دەستپاکی فیدراڵی ڕایگەیاند: دادگای تاوانەکانی ناوەندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، حوکمەکەی بە ئامادەبوونی تۆمەتبار دەرکردووە و بەپێی لێکۆڵینەوەکان، یەزەن جبووری لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا بە فێڵ و بەکارھێنانی ناوی ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران، بڕی ٤١ ملیار دیناری لە سکاڵاکارێک وەرگرتووە.

لە بەیاننامەکەی دەستەی دەستپاکیدا هاتووە، تۆمەتبار وا خۆی پیشان داوە کە دەتوانێت دیداری تایبەت لەگەڵ سەرۆکوەزیران ڕێکبخات و ئاسانکاریی گەورە بۆ کارەکانی سکاڵاکار بکات، بۆ ئەم مەبەستەش، یەزەن جبووری هاوکاریی تۆمەتبارێکی هەڵاتووی کردووە، تاوەکو ئەو بڕە پارە خەیاڵییە لە ڕێگەی فێڵەوە ڕادەستی بکات.

هاوکات،  دادگا جەختی کردووەتەوە کە بەڵگەی پێویست بۆ سەلماندنی تاوانەکە لەبەردەست بوون، بۆیە سزاکە بەپێی ماددەی ٤٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە فێڵکردن و بڕیاری ژمارە ١٦٠ی ساڵی ١٩٨٣ (تایبەت بە خۆناساندن بە بەرپرس بەبێ بوونی پلەی فەرمی) دەرچووە. دۆسیەی دەستگیرکردنەکەش بۆ شوباتی ٢٠٢٦ دەگەڕێتەوە، کاتێک مەشعان جبووریی باوکی، ئاشکرای کرد کە هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و کوڕەکەیان دەستگیر کردووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن