بەرپرسێكی پارتی؛ دەستەواژەی "هاوپەیمانیی بەندیخانە" بۆ رێكەوتنی نەوەی نوێ و یەكێتی بەكاردێنێ
03:44 - 23/06/2026
زەمەن_هەواڵ
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، رایگەیاند: هاوپەیمانیی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ "هاوپەیمانیی بەندیخانە''یە و ئەو جۆرە هاوپەیمانێتییانە لای پارتی بە کارێکی ئەرێنی هەژمار ناکرێن و خزمەت بە پرۆسەی سیاسی ناکەن.
عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەسەر دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، دەستووری عێراق ناسنامەی هەرێمی وەک یەک قەوارەی فیدراڵی چەسپاندووە، بۆیە هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی دوو ئیدارەیی دژی یاسا و دەستوورە و کارە لە پێشینەکانی ئەوان ئێستا بریتین لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، وەک هەنگاوێکی سەرەکی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
سەبارەت بە دانوستانە سیاسییەکان، بەرپرسەکەی پارتی جەختی کردەوە، پارتەکەیان بە هیچ شێوەیەک "مەرجی پێشوەختە" لە هیچ لایەنێک قبووڵ ناکات.
عەلی حوسێن رەخنەی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرت و وتی: "پارتی لە رابردوودا رەچاوی ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی نەکردووە و هەمیشە لە پێگەی راستەقینەی خۆی زیاتر مامەڵەی لەگەڵ کردووە، بەڵام ئەمە نابێت بۆ سەپاندنی مەرج بەکاربهێنرێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەلی حوسێن ئاماژەی بە رێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ کرد و بە توندی سەرکۆنەی کرد و ناوبراو ئەو لێکتێگەیشتنەی بە "هاوپەیمانیی بەندیخانە" ناوزەد کرد و رایگەیاند کە ئەو جۆرە هاوپەیمانێتییانە لای پارتی بە کارێکی ئەرێنی هەژمار ناکرێن و خزمەت بە پرۆسەی سیاسی ناکەن.
عەلی حوسێن دووپاتی کردەوە کە پارتی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی یەکڕیزی و چەسپاندنی سەروەریی دامەزراوە دەستوورییەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا.