بەپەلە.. هەولێر و بەغداد لەسەر ١٦ خاڵ ڕێککەوتن و ژمانی کوردی یەکێکە لە مەرجەکان
04:19 - 18/06/2026
زەمەن_هەواڵ
شاندی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەسەر 16 خاڵی تایبەت بە سیستمی ئەسیکۆدا رێککەوتن، بەپێی رێککەوتنەکەش زمانی کوردی بۆ سیستمەکە زیاد دەکرێت و پێناسەی گومرگیش یەکدەخرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، هەردوو شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەغدا لەبارەی تەواوی وردەکارییە هونەرییەکانی سیستمی ئەسیکۆدا گەیشتنە رێککەوتن.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو رێککەوتنەی واژۆ کراوە، لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بە فەرمی پەسەند دەکرێت.
ناوەڕۆکی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی ئەسیکۆدا:
1. هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی تەواوی دەبێت لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی هەرێم لە سیستمی ئەسیکۆدادا.
2. راهێنان بە کارمەندانی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن گومرگی فیدراڵییەوە دەکرێت.
3. رێککەوتنەکە پاڵپشت بە بڕگەی ماددەکانی 110، 112، 114 و 121 بڕگەی سێ لە دەستوور واژۆ کراوە.
4. یەکخستنی پێناسەی گومرگی لە سەرجەم دەروازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەر گۆڕانکارییەک بکرێت بە هاوبەشی دەبێت.
5. زمانی کوردی بۆ سیستمی ئەسیکۆدا زیاد دەکرێت.
6. کۆپیی پارێزراوی سیستمەکە (باکئەپ) بۆ هەموو عێراق لە فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی هەرێمی کوردستان دەبێت.
7. داننان بە ناوچە گومرگییە ئازادەکانی هەردوو حکوومەت.
8. سەبارەت بە بابەتی دەروازە نافەرمییەکان، لێژنەی هاوبەشی بۆ پێکدێت.
9. هیچ سانسۆرێک ناخرێتە سەر هیچ دەروازەیەک لە عێراق بەوانەی هەرێمیشەوە.
10. بابەتی داهاتی گومرگی و باج لە ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق یەکلا دەکرێتەوە.
11. رۆژژمێری کشتوکاڵیی یەکگرتوو پەیڕەو دەکرێت پاڵپشت بە رێککەوتنی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ.
12. لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ لە ئەنجوومەنی ئابووری یەکلا دەکرێتەوە.
13. پشکنینی کۆنتڕۆڵی جۆریی کالای هاوردەکراو لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەردوو حکوومەتەوە کاری پێ دەکرێت.
14. مۆڵەتی هاوردە و هەناردەی کاڵای دەرچوو لە حکوومەتی هەرێم کاری پێ دەکرێت.
15. بەڵگەنامەی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، دەرچوو لە تۆماری کۆمپانیاکانی هەرێم پەسەندە.
16. بەڵگەنامەکانی دەرچوو لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی هەرێم کاری پێ دەکرێت.