تكایەك لە وەزیری داراییەوە بۆ فەرمانبەران
03:49 - 23/06/2026
زەمەن_هەواڵ
بەگوێرەی نوسراوێکی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان کە وێنەیەکی دەست ''زەمەن'' کەوتووە، سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە ئاگادار دەکاتەوە، کە مامەڵەی خۆ تۆمارکردنیان لە هەژماری من نەکردووە و دواین هۆشدارییان پێدەدات.
لەنوسراوەکەدا هاتووە، دوای کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق بڕیاردرا بە دیاریکردنی ماوەی سێ مانگ بۆ ئەوەی ئەو فەرمانبەرانەی لەنێو هەژماری من خۆیان تۆمار نەکردووە، پرۆسەی خۆ تۆمارکردن ئەنجام بدەن.
وەزیری دارایی لە نوسراوەکەیدا دەڵێت، لە دوای بەرواری 31-8 هەر فەرمانبەرێک خۆی تۆمار نەکردبێت و هەژمارە بانکیەکەی وەرنەگرتبێتەوە، مووچە و شایستە داراییەکانی لایەن حکومەتی عێراقەوە ڕادەگیرێت و نانێردرێت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.