20 کوردستان

ئاوات شێخ جەناب: دەستکەوتێکی وەزارەتی دارایی ئەوەیە مووچەی مووچەخۆرانی لە پاشەکەوتەوە کردە قەرز

08:51 - 23/06/2026

زه‌مه‌ن – هه‌واڵ

 ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، سێ کابینەى ڕابردووى حکومەتى فیدراڵ فشارى سیاسى و ئابووریى زۆریان کردووەتە سەر هەرێمى کوردستان، وەکخۆی دەڵێت، بەوهۆیەوە نەیانتوانیوە چاکسازییەکەیان وەک خۆى جێبەجێبکەن، بەڵام دەستکەوتێکى گرنگیان هەیە و مووچەى مووچەخۆرانیان لە پاشەکەوتەوە کردووەتە قەرز لەسەر حکومەت.

پەرتوێکی تایبەت بە حەوت ساڵ کردنی وەزارەتی دارایی
ئاوات شێخ جەناب لە ڕێوڕەسى بڵاوکردنەوەى پەرتوکێک کە تایبەت بوو بە حەوت ساڵى کارکردنى وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان، ڕایگەیاند، وەزارەتەکەى کارەکانى بەشەفافى ئەنجامداوە، هەوڵیداوە لە بڕیارەکانیدا ڕەچاوى دۆخى خێزانەکان بکات و لەوماوەیەدا، یەک دینار باج لە خەڵکی هەژار وەرنەگیراوە.

فشاری ئابووری و مووچە کارتی سیاسین
وەزیرى دارایی هەرێمى کوردستان گوتیشى، فشاری ئابووری و مووچە کارتی سیاسین لە دژی هەرێمی کوردستان بەکاردێن، سێ کابینەى ڕابردوو بەردەوامبوون لەم فشارە، لەسەردەمى حکومڕانى عادل عەبدولمەهدیدا شایستەى هەرێمى کوردستان 453 ملیار دیناربووە ئەویش ڕاگیرا.

کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان
وەزیری دارایی لەبارەى دەستکەوتەکانى کابینەکەى دەڵێت، ڕۆتین و خەرجییە ناپێویستەکانمان کەمکردووەتەوە و داهاتمان زیاد کردووە، ئێستا مووچەی هەموو مووچەخۆران لە پاشەکەوتەوە بووەتە قەرز لەسەر حکومەت و 17هەزار فەرمانبەرى وەزارەتەکەى لەوماوەیەدا شەونخونییان کردووە بۆئەوەى بتوانن داهات کۆبکەنەوە و مووچەى مووچەخۆران لەوادەى خۆى دابەش بکرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن