کەی دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە؟
02:12 - 27/11/2025
زەمەن _ هەواڵ
وازارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند: پێشبینیدەکرێت بە زووترین کات پێدانی کارەبا ئاسایی ببێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، دوای هێرشە درۆنییەکەی شەوی ڕابردوو، بۆسەر کێڵگەی کۆرمۆر و بڕانی کارەبای نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێم ئاشکرایکرد، ئەگەر زیانەکان تەنیا ئەو کۆگەبن کە هێرشیکراوەتە سەری، پێشبینیدەکرێت لە ماوەی ٢٤ تاوەکو ٤٨ کاتژمێری داهاتوو، پێدانی کارەبا بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی.
وتیشی، بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە دوو هەزار و ٧٠٠ تاوەکو سێ هەزار مێگاوات کارەبا، لە تۆڕ و هێڵەکانی کارەبای نیشتمانی بڕاوە، هەروەها ئێستا ئەو بڕە کارەبای بە هاوڵاتییان دەدرێت نزیکەی هەزار و ٣٠٠ مێگاوات کارەبایە، بەمەش دەتوانین تەنیا لەنێوان شەش بۆ هەشت کاتژمێر، کارەبا بدەینە هاوڵاتییان.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێوسیتە مۆلیدە ئەهلییەکان کاربکەن چونکە پارە لە حکومەت وەردەگرن.