نوێنەری هەرێم لە بەغدا: ئەمساڵ ھیچ موچەیەکی خەڵکی کوردستان نافەوتێت
08:13 - 25/10/2025
زەمەن پرێس:
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبەغداد دەڵێت: ئەم ھەفتەیە موچەی مانگی ھەشت دەدرێت، بڕیارە ھیچ موچەیەکی ئەمساڵ نەفەوتێت، چونکە بەپێی یاسای بودجە نابێت ھیچ موچەیەک بفەوتێت.
فارس عیسا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند: رۆژی پێنجشەممە کاتژمێر ٣:٠٠ی دوای نیوەڕۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران کۆبووینەوە، کاتژمێر ٣:٣٠خولەکی ھەمان ڕۆژ بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئیمزا کرا و گشتاندنی بۆ کرا بۆ ئێمە، وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی نەوت و دارایی عێراق، سوپاسی جێگری ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران دەکەین کە زۆر ھاوکاری ئێمەی کرد، بۆیە ئەم ھەفتەیە موچە رەوانە دەکرێت.
ئاماژەى بەوەشکرد، یاسای بودجە تا کۆتایی ئەمساڵەو پێویستە ھەموو خەڵکی عێراق سودی لێ وەرگرن، ھەرێمی کوردستانیش بەھەمان شێوە، بۆیە ئەگەر بابەتەکە بەسیاسی نەکرێت، ئەمساڵ ھیچ موچەیەکی خەڵکی ھەرێمی کوردستان نافەوتێت.