123 کوردستان

نێچیرڤان بارزانی: کێشەی مووچە چارەسەر دەکرێت

06:41 - 25/10/2025

زەمەن پرێس: 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە گرنگە و ناوی دەنێین قۆناغی جێبەجێکردنی دەستوور و ئەو سیستەمەی عێراق لەگەڵ هەرێم بەکاریدەهێنێت "بەتەواوی مەرکەزییە".
ئەمڕۆ شەممە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتیی کوردستان بانگەشەی پارتی لە قەزای شێخان بەڕێوەچوو و ناوبراو لە وتارێکدا وتی "ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە و ئێمە ناوی دەنێین، قۆناغی جێبەجێکردنی دەستوور، ئەو دەستوورەی پێویستە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، ئەو سیستەمەی عێراق لەگەڵ هەرێم بەکاریدەهێنێت بەتەواوی مەرکەزییە".
وتیشی: پێشمەرگەکانی دەڤەری شێخان بە هەموو رەنگەکانەوە بەیەکەوە خەباتیان کرد و بەیەکەوە داستانەکانی سەرکەوتنیان تۆمار دەکرد، هەروەها ئەمڕۆش ئامادەبوونی تەواوی پێکهاتەکانی شێخان واتای پێکەوەژیانە.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەى بەوەشکرد، پێویستە ئەوە بزانن بۆچی پێویستە پارتی بەهێز بێت، چونکە بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا، بەهێزبوونی کوردستانە، گەرەنتی پاراستنی کوردستان پارتییە، پێویستە پێویستە بەهێزەوە بچێتە بەغدا، پارتی گەرەنتی پێکەوە ژیانە، پارتی گەرەنتی ئاوەدانکردنەوەی کوردستانە.
روونیشیکردەوە، ئەولەویەتی حکومەتى هەرێمی کوردستان دابینکردنی مووچەی خەڵکی کوردستانە، هاوکات ناوبراو بڕوایوایە ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت.
سەرۆکی هەرێم ئەوەشی خستە روو، هەروەها سەرباری فشارەکان و زەحمەتییەکان، میللەتی کورد بۆ هەمووان سەلماندی لەگەڵ وڵاتی خۆیان کوردستان، لەگەڵ پارتی دەمێننەوە، نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت "بە پشتیوانی خودای گەورە، کوردستان لەو قۆناغە سەختەش دەگوازینەوە قۆناغێکی گەشتر و ئاوەدانتر".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن