238 عیراق

وەزارەتی بازرگانیی ئۆتۆمبێل بۆ فەرمانبەران دابیندەکات

12:07 - 22/09/2025

زەمەن _ عێراقی

 

 وەزارەتی بازرگانیی عێراق پرۆژەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەت و فەرمانبەران راگەیاند.

 ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٥، کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی ئۆتۆمبێلی سەربە وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند: کۆمپانیاکەیان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنی ئۆتۆمبێل واژۆکردووە. ئەم گرێبەستە بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلە لە ژاپۆنەوە بە تایبەتمەندیی دیاریکراو بۆ ئەو کەسانەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن.

هاشم محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئاشکرای دەکات، کە کۆمپانیاکەیان گرێبەستی راستەوخۆی لەگەڵ فرۆشیارانی رەسەنی ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی کردووە. ئۆتۆمبێلەکان بەگوێرەی یاسا و رێنماییەکانی گومرگی عێراق و بە ستانداردی داواکراوی عێراقی دەهێنرێن و رەچاوی هەموو مەرجەکان کراوە.

ناوبراو دەڵێت، کە سەرەتا دوو بۆ سێ هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە دەکرێت. دواتر هەریەک لە وڵاتانی چین و ئەڵمانیا لە پلانی وەزارەتەکەیاندایە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی کڕینی ئۆتۆمبێل. لە قۆناغی داهاتووشدا فەرمانبەرانی حکومەت بەگشتی دەتوانن سوودمەندبن لە کڕینی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراوی وەزارەتی بازرگانیی عێراق.




سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن