بەپەلە.. لەم رێگایەش كامێرای خاڵ بۆ خاڵ دادەنرێت
03:57 - 15/09/2025
زەمەن _ هەواڵ
لە هەنگاوێکدا بۆ کۆنترۆڵکردنی تیژڕەویی شۆفێران و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ، کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە دوو رێگەی سەرەکیی ئیدارەی گەرمیان دادەنرێن. گوتەبێژی هاتوچۆی گەرمیانیش ئاماژە بەوە دەکات، کە تاوەکو ئێستا هیچ کامێرایەکی جێگیر لەم ئیدارەیەدا نییە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٥، سامان عەلی داود، وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان، ڕاگەیاند: لە ئایندەیەکی نزیکدا کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی کەلار- کفری و رێگەی کەلار- گردەگۆزینە دادەنرێن و کۆمپانیای جێبەجێکاری دانانی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ سەرجەم ئەو شوێنانەی لە رێگەی کەلار- کفری و رێگەی کەلار- گردەگۆزینە، لە فولکەی مستەفا بەگەوە تاوەکو فولکەی گردەگۆزینە دیارییان کردووە.
هاوکات، لەبارەی دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی کەلار- دەربەندیخان کە ماوەیەکی کەمە کارکردن تێیدا تەواو بووە، وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەدا، کە کۆمپانیای جێبەجێکار چاوەڕوانی تەواوبوونی پڕۆژەی رێگەکە بووە و لەو رێگەیەش کامێرای چاودێریی تیژڕەوی جێگیر دەکرێت.
کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە ئێستادا لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە رێگەکانی سلێمانی- دوکان، سلێمانی- چەمچەماڵ و سلێمانی - وارماوا دانراون. ئەم کامێرایانە بە جۆرێک کار دەکەن، کە شۆفێر پێویستە لەسەرجەم رێگەکە پابەندی خێرایی دیاریکراو بێت، نەک تەنیا لە نزیک کامێراکان. ئەم سیستەمە مەودایەکی زیاتر لە رێگەکە دەگرێتەوە و تیژڕەوی لە نێوان دوو خاڵی دیاریکراودا دەپشکنێت.