وتەبێژی پارتی: پرسی دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نوێ تاڕادەیەكی زۆر یەكلایی بووەتەوە
07:55 - 25/08/2025
زەمەن پرێس:
مەحمود محەمەد،
وتەبێژی پارتی رایگەیاند، چاوەڕوان دەكرێت لە مانگی داهاتودا دەستەی سەرۆكایەتی
پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرێت و پرسی دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەت لەنێوان پارتی
و یەكێتی تاڕادەیەكی زۆر یەكلایی بۆتەوە.
مەحمود محەمەد، وتەبێژی
پارتی دیموکراتی کوردستان بە رۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند: وەفدی هاوبەشی یەکێتی و
پارتی لەسەر پرەنسیپەکانی پێکهێنانی حکومەت گەیشتونەتە ڕێککەوتن و پرسی دابەشکردنی
پۆستەکانیش تا ڕادەیەکی زۆر كۆتایی هاتوەو بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتودا
کۆبونەوەی تر بکرێت.
وتیشی، چاوەڕوان
دەکرێت لە مانگی داهاتودا، پەرلەمانی کوردستان سەرۆکایەتییەکەی هەڵبژێرێت و دەست
بە کارەکانی بکات.
سەبارەت پێکهێنانی
کابینەی نوێی وتەبێژی پارتی وتی، ئەگەر سەرۆکایەتی پەرلەمان پێکبهێنرێت، ئەوا
پرۆسەکانی دیکە بەپێی کات و ڕێکاری یاسایی خۆیان بەڕێوەدەچن.