19وتار

دڵە ڕاوکێ و شۆک

8/26/2025 11:44:00 AM
وەلید عومەر

وادیارە ئەم ڕۆژانە زۆرینەمان لەناو دڵەڕاوکێ و شۆکداین. وەک مرۆڤێک، و کەمتر وەک نوسەر و ئەهلى کتێب، ئەم چەند خاڵەم لا درووستبوو:

١. ڕووداوەکەى ئوتێل لالەزار، بەر لەوەى شەڕى دوو کەس یان دوو گرووپ و حیزب بێت، پەیوەندیی بە فەزاى گشتیی هەموومانەوە هەیە. شتێکە لە چەقى مێژووەکە، شارەکە، و فەزا ڕەمزییە هاوبەشەکەماندا ڕوویداوە. کۆمەڵگا، تۆڕێکى پێکداچووە لە کۆمەڵێک بوار، توێژ، ئاراستە، و بەرژەوەندى. بەڵام جاروبار شتانێک ڕوودەدەن کە هەموو ئەمانە هەڵدەپەسێرن و مرۆڤ ناچاردەکەن هەڵوێست‌وەربگرێت.  

 

٢. ڕووداوەکە، لەڕووى سیاسى، یاسایی و تەنانەت ئاکارییشەوە کارەساتە. لە مێژووى حیزبى کوردییشدا لە زۆر ڕووەوە لە کارەساتەکانى وەکو هەکارى، خێڵى حەمە، و دەسپێکى حەڤدەى شوبات و هتد دەچێت. 

٣. پێویستدەکات ویژدانە زیندووەکانى ناو حیزب، بێنەدەنگ. مرۆڤ دەتوانێت حیزبى بێت و لە ساتە کارەساتبار و ئاوارتەکانیشدا، دەنگى ڕەخنەیی هەبێت. بەڵام ئێستا بەرەو دۆخێک دەچین، ئەو دەنگانەش بەکزى دەبیستین یاخۆ هەر ناگەنە گوێ. مرۆڤ دەیان ڕێگاى هەیە بۆ گوزارشتکردن، بێدەنگى یەکێکیانە؛ بەڵام بێدەنگیی ئەندامى حیزبى کەمێک نەرێنییترە بەراورد بە بێدەنگیی دەرەوەى حیزب.  

٤. میدیاى حیزبى (بەتایبەت پارتى و یەکێتى)، هەڵگرى هەمان بونیادى میدیاى شەڕى ناوخۆیە- لە شەڕى ناوخۆى سەردەمى شاخەوە تا بە هى دواى ڕاپەڕین دەگات: هەمان زمان، هەمان گوژمى ڕق، هەمان تۆڵەى سەربەسەر. بەڵام دوو شت گۆڕاوە. یەکەم، ئەوسا بێژەرێک بە مەبدەئەوە شەڕەکەى دەکرد، ئێستا وەک کارمەندێکى کاتى و لەبەر مووچەیەکى پڕ دەیکات و ڕەنگە سبەى بچێتە بەرەى پێچەوانەوە. سەرمایەدارى و بازاڕە کوردییەکەش، تێکەڵى تایبەتمەندییەکانى کۆمەڵگاى کوردى بووە. دووەم، ئێستا بەرەیەکى فراوانى خەڵک دژى هەردوو میدیاکە درووستبووە، هەتا گەربێ‌و کاتییش بێت.

٥. ڕاى گشتیی خەڵک، جێى دڵخۆشییە. خەڵک هێشتا ماوە. لە هەندێ ڕووشەوە پێشى دەسەڵات و پانتایی ڕۆشنبیریی داوەتەوە. بەڵام تا ئەم ڕا و سۆزە گشتییە نەکرێتە گوتار (دیسکۆرس)، نەکرێتە هۆشیارییەکى درێژخایەنى ڕێکخراو، ئەوا ئەگەرى لەبارچوون و پووچەڵبوونەوەى هەیە بۆ داهاتوو. خەڵک تەنیا قسەدەکات، نوخبەى میدیایی و ڕۆشنبیرییش دەتوانن هەر قسە بکەن، دواییش تێدەگەین قسە بەشى خۆى کاریگەرە و دەسەڵاتداران هەژمارى لەسەر دەکەن.

ئێمە لە سەردەمێک و ناوچەیەکیشدا دەژین کە کارەسات خەریکە ئاسایی‌دەبێتەوە. ئەم شەپۆلى ئاساییبوونەوەیە، دە ساڵێک و کەم کەم لەگەڵ "بەهارى عەرەبى" دا دەستیپێکرد. گوتارى ڕۆشنبیرى لەو دە ساڵەدا قسەیەکى بەرهەمهێنا کە "نابێت بە ڕووداوەکان شۆک بین"- قسەیەک کە تۆوى فاشیزمى بۆ پاشەڕۆژ هەڵگرتووە، چونکە کارەسات ئاسایی‌دەکاتەوە.
 
سەرەنجام، هەڵوێست یەک هۆکارى ڕوون و سادەى لەپشتەوەیە: پەیوەندییمان بە یەکترەوە وەک مرۆڤ ڕادەگرێت، چونکە لەقووڵاییدا هەموومان لەناو یەک کەشتیداین.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن