سەركەوتنێك بە تامی دۆڕان ئەوەی لە 21 ی ئابدا لە سلێمانی رویدا
8/24/2025 4:05:00 PM
سەروەر عبدالرحمن
بە هەموو ئەو تێبینیانەشەوە كە لەسەر لاهوری شێخ جەنگی هەیە سەبارەت بە سیاست و دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەكانی لە رەوشی هەرێم بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتی لە رابردوودا، بەڵام ئەوەی دەرهەقی كرا ناهەقییەكی گەورە بوو. جگە لەمە ئەوەی یەكێتی نوێ كردی:
*-پێچەوانەی هەموو ئەو پرەنسیپانە بوو لە بەر لە پەنجا ساڵ پێناویاندا دامەزراوە و نیو سەدەیە بانگەشەیان بۆ دەكات.
*-پێچەوانەی پەیڕەو و پرۆگرامەكەی خۆی بوو كە لە دووا كۆنگرەیدا پەسەندی كردووە.
*-پێچەوانەی هەر چوار دروشمە سەرەكییەكەی یەكێتی (ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ، مافی چارەی خۆنوسین) بوو. ئاشتی خستە مەترسییەوەو ئارامی شاری سلێمانی شێواند، مانایەكی بۆ دیموكراسی نەهێشتەوە لەو دەڤەرەدا، زۆرترین پێشێلكاری مافی مرۆڤی تیادا ئەنجامدرا، هەنگاوەكانی بەدیهاتنی مافی چارەی خۆنوسینی راستەقینەی بەرەو دوواوە گێڕایەوە.
*-پێچەوانەی سەرجەم پرەنسیپەكانی سۆسیال ئینترناسیۆنال بوو كە یەكێتی ئەندامە تیایدا و سەردەمانێكیش مام جەلال جێگری سكرتێری بوو.
*-پێچەوانەی بەندەكانی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ بوو.
*-پێچەوانەی رێسا سەرەكییەكانی سەرجەم ئایینە ئاسمانییەكان بوو.
*-پێچەوانەی ئەو بەرنامەیە بوو كە چەند مانگێك لەمەوبەر سەرۆكەكەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند.
*-پێچەوانەی ئاداب و ئوسوڵ و داب و نەریتی جوانی كوردەواری بوو.
*-پێچەوانەی سەرجەم چەمكە گشتییەكانی: ئارامی، ئاوەدانی، خۆشگوزەرانی، ئاشتەوایی، یەكسانی و ...هتد بوو.
*-لەم كردە قێزەونەدا راستە لە رووی سەربازییەوە یەكێتی زاڵ بوو، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە گەرەترین شكستی تۆمار كرد.
*-راستە سەرۆكی یەكێتی نوێ لەڕووی فیزیكییەوە توانی لاهوری شێخ جەنگی دەسگیر بكات، بەڵام لەڕووی سیاسی و پرەنسیپە ئاكارییەكاندا خۆی كوشت.
*-دوا تێبینی ئەوەیە: ئەرێ یەكێتی نوێ بۆ وادەكات!!؟؟ ئەوەی دەیكات لە خزمەتی كێدایە؟ هەر بە راستی نازانن بەم كردانە لە دوژمنەكانیان زیاتر زیان بە ناو و ناوبانگ و رابردوو و داهاتووی ئەم حزبە دەگەیەنن!؟ ئەی پاش ئەم كارەساتە تاوانكارییە قێزەونە، كادیرە رۆشنبیر و بە هەڵوێستەكانی یەكێتی لە كوێن كە حزبەكەی مام بەرەو داڕمان دەبرێت!!؟؟