بارستە هەوایەکی سارد ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە
02:52 - 12/08/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
شارەزایەکی کەشناسی ڕایگەیاند: لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە، بارستە هەوایەکی فێنک ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە دابەزین دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٢ی ئابی ٢٠٢٥، ئاراس جەبار، شارەزا لە بواری کەشناسی بڵاویکردەوە: لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو بەدیاری کراوی لە ڕۆژی شەممەی داهاتووەوە، ناوچەکانمان دەکەوێتە ژێر کاریگەری لاوەکی بارستە هەوایەکی سارد کە ناوەندەکەی بەسەر باکووری وڵاتی ئێرانەوەیە پلەی گەرمی لەسەرجەم ناوچەکان بەراورد بە ئەم هەفتەیەی کە تیایداین بەرێژەی سێ تا چوار پلە نزمدەبێتەوە و گۆرانکاری بەسەر کەشوهەوای ناوچەکەدا دێت و بەگشتی شەوانیش کەمێک فێنک دەبێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئەمڕۆ تا کۆتایی ئەم مانگە زنجیرەیەک شەپۆلی بەهێزی بارانبارین لەدەریای عەرەب و زەریای هیندەوە وڵاتانی باشووری نیمچە دوورگەی عەرەبی دەگرێتەوە هەر لە عومان و یەمەن و ناوچەکانی باشوور و رۆژئاوای سعودیە، کە لەهەندێ ناوچەدا لەو ماوەیەدا پێشبینی زیاتر لە ٤٠٠ ملیمەتر باران دەکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی مەترسی دروستبوونی لافاو و ڕوودانی کارەساتی سروشتی لەو ناوچانەدا.