پارتى بایکۆتى دانیشتنەکانى پەرلەمانى عێراق دەکات و ٤٨ کاتژمێر مۆڵەتیش دەداتە بەغدا
08:55 - 09/07/2025
زەمەن پرێس:
هەڕەشەکانى پارتى لە حکومەتى عێراق بەردەوامە و ئەمجارە پارتى بریاریدا بایکۆتى دانیشتنەکانى پەرلەمانى
عێراق بکات و ٤٨ کاتژمێر مۆڵەتیش دەداتە بەغدا بۆ ناردنی مووچە.
سەرچاوەیەک لە پارتى دیموکراتى کوردستان بە زەمەنى
راگەیاند، پارتى بریاریداوە فراکسیۆنەکەى لەپەرلەمانى عێراق بایکۆتى دانیشتنەکانى
پەرلەمانى عێراق بکات تا ئەو کاتەی بەغدا مووچە دەنێرێت.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، پارتى ٤٨ کاتژمێری بۆ بەغدا
دیاریکردوە، ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکات، ئەوا لە پرۆسەى سیاسی دەکشێتەوە و قەناعەتى
بە یەکێتیش کردوە بۆ ئەو بڕیارە لەگەڵیدا بێت.
بەوتەى سەرچاوەکە، پارتى ئەم پەیامەی لە ڕێگای فوئاد حسێنەوە
گەیاندوەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق و چوارچێوەى هەماهەنگی کە پارتى لە پڕۆسەى سیاسی
دەکشێتەوە و بەشداری لە هەڵبژاردنیش ناکات.
هەروەها ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بە زەمەن وت، پارتى بە
سودانی و چوارچێوەى هەماهەنگی وتووە، ئەمە تەنیا بڕیاری پارتى نییە، بەڵکو یەکێتى
و چەند لایەنێکی دیکەش پشتیوانى لەو بریارە دەکەن.
لەسەر ئەو زانیارییانە کە بەشێک لە میدیای پارتیش
بڵاویکردوەتەوە، تا ئێستا یەکێتى هیچ ڕاگەیەندراوێکی نەبووە کە ئایا پشتگیری
بریارەکەی پارتى دەکات یان نا.