نۆ دادوەرەکەی دادگای فیدراڵی لە دەستلەکارکێشانەوە پاشگەزبوونەوە
04:35 - 01/07/2025
زەمەن _ عێراقی
هەر نۆ دادوەرەکەی دادگای فیدراڵی لە بڕیای دەستلەکارکێشانەوەیان پاشگەزبوونەتەوە، ئەوەش بەگوێرەی ئەنجوومەنی دادوەری، پاش نەمانی هۆکاری پشت بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکەیانە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١ی تەمووزی ٢٠٢٥، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بە سەرۆکایەتیی فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و بە بەشداری دادوەرانی دادگای تێهەڵچوونەوە، سەرۆکی داواکاری گشتی، دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری و دادگای باڵای فیدراڵی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجامدا.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، "بەشداربووەکان سوپاسی ئەو دادوەرانەیان کردووە، کە پاشگەزبوونەتەوە لە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەیان، ئەوەش دوای نەمانی هۆکارەکانی پشت بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەیان".
هەروەها بەشداربووانی کۆبوونەوەکە پیرۆزباییان لە دادوەر مونزر ئیبراهیم کردووە بۆ دامەزراندنی وەک سەرۆکی نوێی دادگای فیدراڵی.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئەو نۆ ئەندامەی دادگای فیدراڵی، شەشیان ئەندامی سەرەکی و سێیان ئەندامی یەدەگی دادگاکە بوون، رۆژی ١٩ـی حوزەیران، داوای دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکرد.