عەلی حەمەساڵح بۆ ئومێد خۆشناو: خەڵک ئەزانێت لە ڕابردوو ئێستاشدا، کێ نۆکەر بووە!
02:27 - 31/05/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
عەلی حەمەساڵح وەڵامی وتەکانی ئومێد خۆشناو دەداتەوە و دەڵێت: ٢٧ مانگە ٢٤٩ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمهاتوەو فرۆشراوە! دینارێک داهات بۆ خەڵک نەبوە!
ئەمڕۆ شەممە، ٣١ی ئایاری ٢٠٢٥، دوای ئەوەی بەشێک لە پارتە سیاسییەکان بەدەم بانگەوازەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نەچوون و بەشداری کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانیان نەکرد لە پیرمام، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: ئەو حزبانەی بەشداری كۆبوونەوەكەیان نەكرد بێشەرمانە بەرەی نۆكەراتییان هەڵبژارد.
لە وەڵامی قسەکانی ئومێد خۆشناودا، عەلی حەمەساڵح، پەیامێکی بڵاوکردەوە و وتی: بۆ ئومێد خۆشناو و هاوبیرەکانی، خەڵک ئەزانێت لە ڕابردوو ئێستاشدا، کێ نۆکەر بووە!
دەقی پەیامەکەی عەلی حەمە ساڵح:
کێ نۆکەرە!
٢٧ مانگە ٢٤٩ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمهاتوەو فرۆشراوە! دینارێک داهات بۆ خەڵک نەبوە!
بەرچاوی هەموو خەڵک لە بازگەکان سەرانە وەردەگیرێت و قاچاخی دەکرێت بەسەر خەڵک!
هەرچی زەوی هەولێرو سلێمانیە بۆ بەرپرس و شەراکەت و منداڵەکانیان تاڵانکران! بەخوا لە من باشتر دەزانن بۆ کێیە!
هەرچی بەرپرس و منداڵە بەرپرسە لەسەر حسابی خەڵک بونە ملیاردێر، بانک و کۆمپانیاو پرۆژەو پاڵاوگەو کەناڵ و ملیارەها دۆلار لە دوبەی و ئەمریکاو سویسراو ئەڵمانیا!
باڤیلۆن و ئەربیل هێلس هی کێن! زەویەکەی بەرامبەر ڕۆتانا بەنایاسایی تاپۆکرا بایی ٧٠٠ ملیۆن دۆلارە! سەدان دۆسیەی تر!
پاشان ئەمە ئیشی حیزبە یان دامەزراوەی حوکمڕانی، بڕیار لە بابەتی گرنگ بدات!
کە نەوت و مەرزو زەوی بۆ خەڵک نەبوە! من شەڕی چی بکەم! تاڵانی زیاتر بۆ بەرپرس و قاچاخچی!!
دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی لەسەر حسابی خەڵک بونە ملیاردێر! ئەمە مەکەنە کوردایەتی!!
جا بۆ زانین، ئەم گرفتی موچە خۆی حەل دەبێت و ئەوکات مەیکەنە دەستکەوتی خۆتان!
میللەتێک نابێ هەشت مانگ بێ موچە بێت.
سەد هێندەی هەرچی بەرپرسی پارتی و یەکێتی یە، دڵسۆزی ئەم گەل و خاکەم..
بەڵام نابێنە بەشێک لە فریودانی خەڵک لەژێر چەتری نیشتیمانپەروەری ساختەدا..