68 کوردستان

بافڵ تاڵەبانی: تا شتەکان وەک پێویست نەبن کە یەکێتى دەیەوێت سازش ناکەین

08:02 - 01/06/2025

زەمەن پرێس:

سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانى کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تا حکومەت باش و تەواو نەبێت، تا شتەکان وەکو پێویست نەبن یەکێتى قەت سازش ناکات.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لەمیانی ئاهەنگی ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەى لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند: یەکێتى بەڵێنەکانى خۆی جێبەجێ دەکات، ئەوەى لە ڕابردوو وتمان هەندێکیمان جێبەجێکردوە و هەندێکیشی ماوە، وتم باڵانسی هێز لە هەرێم ڕاستدەکەینەوە ڕاستی دەکەینەوە.
 لەبارەى درەنگکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمیشەوە وتی: دەزانم ئێوە گلەییتان هەیە لە وەی پێکهینانى حکومەت تۆزێک وەختى پێچوو، سەبرتان هەبێت، ئێمە بەڵێنمان دا ئەم حکومەتە حکومەتێک بێت خەڵک دڵی پێی خۆش بێت و وەکو پێویست خزمەتى ئەم میللەتە بکات، بەڵام داوای لێبوردن ئەکەم دەبێت سەبرتان هەبێت.
جەختیشی کردەوە، تا حکومەت باش و تەواو نەبێت، تا شتەکان وەکو پێویست نەبن یەکێتى قەت سازش ناکات.
سەرۆکی یەکێتى سەبارەت بە مووچەش باسی لەوە کرد، ئاگای لە خەڵکە کە چەند نیگەرانن لە مووچەکانیان و دەڵێت: هەر یەکێتییە کە شتەکان چاک دەکاتەوە، حەق نییە یەکێک هەڕەشە بکات کە پێی جێبەجێ ناکرێت، حەق نییە میللەتەکەمان باجی بێ عەقڵی لایەنی تر بدات، ئێمە دوژمنى بەغدا نین، پێویستە بەرپرسانى بەغدا گوێ لە میللەتی ئێمە بگرن.
تاڵەبانی ڕوونیکردەوە، ئەمڕۆ قسەى لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق کردوە، ئەویش قسەی باشی کردوە، خەریکن کێشەی مووچە چارەسەر بکەن، وەک خۆی دەڵێت ئەگەر پێویست بکات دەچێت بۆ بەغدا بۆ ئەو پرسە و هەر چارەسەری کێشەی مووچە دەکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن