دەبێت دەسەڵاتی سیاسی کوردستان ڕوونکردنەوە بدات
5/31/2025 1:18:00 PM
ڕێبین فەتاح
لە بەرانبەر ئەو ڕەفتارانەی دەسەڵاتدارێتیی عێراق دژ بە هەرێمی کوردستان پیادەی دەکات، یەکێک لە گوتارە بۆش و لاوازەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کە هەردەم دووبارە دەبێتەوە، ئەوەیە کە "دەبێت عێراق ڕوونکردنەوە بدات کە ئایا هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق یان نا؟" یان "ئایا هەرێمی کوردستان بە بەشێک لە عێراق دەزانن یان نا؟". ئەو گوتارە گاڵتەجاڕانەیە کە لە شێوەی پرسیاردا ئاڕاستە دەکرێت، لە بنەڕەتدا هەڵەیە و پێویستی بە هەڵگێڕانەوەیەکی تەواوەتی هەیە.
پرسیارەکە دەبێت بەم شێوەیە هەڵبگێڕدرێتەوە: "ئایا دەسەڵاتدارێتی هەرێمی کوردستان خۆی بە بەشێک لە عێراق دەزانێت یان نا؟".
پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، گرنگە هەڵوەستە لەسەر پاڵنەری ئەو پرسیارە بکەین کە زۆرجار بەرپرسانی هەرە باڵای هەرێمی کوردستان دەیوروژێنن و وەهای دەردەخەن پرسیار و هەڵوەستەیەکی پڕ بایەخیان کردووە!
کاتێک بەرپرسانی سیاسی هەرێمی کوردستان، بەهۆی شکست و لاوازییەکانەوە، لە هەموو ئاستەکانی سیاسی، ئابووری و هەروەها لە پێوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا، شکستیان هێناوە و ناتوانن هیچ بڕیارێکی بنبڕ و یەکلاکەرەوە لە پەیوەندی هەرێمی کوردستان و عێراق بدەن، ئەوە دەیانخاتە دۆخێکەوە کە چاوەڕوان بکەن ئەویدی بڕیاریان لەسەر بدات!
پرسیارەکە بە ئەویدی (عێراق) دەڵێ، تکایە بەزەییتان پێماندا بێتەوە و بەو ئەندازەیەی ئێمە خۆمان بە عێراقی دەزانین و گەلێکی جینۆسایدکراومان بە شەق و بە زۆرەملێ بۆ کردوون بە عێراقی، ئێوەش بە کەرەم و مەرحەمەتی خۆتان بە عێراقیمان حیساب بکەن!
ئەوە لە بەدبەختی یان خۆشبەختییە، عێراق تا ئێستا نایەوێ یان ناتوانێ هەرێمی کوردستان بکات بە بەشێک لە خۆی. ئەوەش بەپێچەوانەی چاوەڕوانی هەمیشەیی دەسەڵاتدارێتی سیاسی هەرێمی کوردستان بووە لانیکەم لە دوای ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا.
کاتێک بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان قسە لە وەدەرنانیان لە عێراق دەکەن، کە پێچەوانەی ئەو خەون و خەیاڵەیان بووە بۆ عێراقی دوای ٢٠٠٣ هەیانبووە، مرۆڤ بەدەست خۆی نییە بەزەیی پێیاندا دێتەوە. ئەوان دەڵێن، ئێمە عێراقێکی مردوومان زیندوو کردەوە؛ خەونی ئێمە ئەوە بوو عێراق لەسەر بنەماکانی شەراکەت و تەوافق و قۆڕیاتەکانی دی بونیاد بنرێتەوە! هەموو ئەو چەمکانەیش ژێرخانێکی تۆکمەی دەستووریی و یاساییان نییە و بەشێک لە خەون و خولیای سیاسی ئەو چوارچێوەیە پێکدەهێنن کە بە (سەرکردایەتی کورد) ناودەبردرێت. خودی (سەرکردایەتی کورد)یش هیچ محەلێکی لە ئیعرابدا نییە. ئەوە چەمکێکە لە داننەنان بە دامەزراوە دەستووریی و شەرعییەکانی هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت، سەرکردایەتی کورد کێیە و چییە؟ سەرۆکایەتی هەرێمە؟ پەرلەمانە؟ ئەنجوومەنی وەزیرانە؟ نەخێر هیچ کامیان نییە، ئەوە هێزێکە لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکاندا دەیەوێ خۆی بسەپێنێت و ئەوەندی دی لە دەسەڵاتی شەرعی هەرێمی کوردستان و پێگەکەی کەم بکاتەوە.
بگەڕێینەوە سەر ئەسڵی مەوزوع؛ نوزانەوە بۆ ئەوەی داگیرکەر بە بەشێک لە خۆی حیسابت بکات، لە شکست و لاوازییەوە دێت. ئەو ڕاستییە چەندوچوون، شەش و حەوت و مشتومڕی زۆر هەڵناگرێت.
گوتمان ڕاستتر ئەوەیە کە پرسیارەکە هەڵبگێڕینەوە؛ ئایا دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان، عێراق بە نیشتمانی خۆی دەزانێت یان کوردستان؟ بەدڵنیاییەوە ئەوان عێراق بە نیشتمانی خۆیان دەزانن. ئەوەش لە گوفتار و ڕەفتاریاندا ڕەنگدانەوەی هەیە.
نەهامەتی گەلی کورد لە باشووری کوردستاندا هەر ئەوە نییە لەگەڵ داگیرکەرێک بە عەقڵیەتی بەعسیزمەوە نەک شۆڤێنی، ڕووبەڕووە، نەهامەتی گەورە ئەوەیە تووشی بووە بە تووشی دەسەڵاتدارانێکی ناوخۆییەوە کە بەسەر ئێسک و پرووسکی سەدان هەزار ئەنفال و جینۆسایدکراو لە گۆڕە بەکۆمەڵە هەڵنەدراوەکاندا، بەسەر جۆگەلە خوێنی نەپساوەی هەزاران شەهیدەوە، بەسەر هەزاران گوندی خاپوور و وێرانکراوەوە، بەرەو بەغدا باز دەدەن و لە داگیرکەر دەپاڕێنەوە تەنها بە بەشێک لە خۆیان بزانێت.
ئێوە ڕوونکردنەوە بدەن قوربان! داگیرکەر بە کرداریی خەریکی نەک سووک و ڕیسواکردنی میللەتێکە، بەڵکوو لە پڕۆسەی تواندنەوەیەتی. ئەو ڕەفتاری پێ دەکات، پێویستی بە ڕوونکردنەوە نییە! ئەوەی دەبێت ڕوونکردنەوە بدات ئێوەن. بەڵێ ئێوەن کە واتان کرد کەسوکاری شەهید، کەسوکاری ئەنفال و جینۆسایدکراو، پێشمەرگە گیانفیداکانمان لەناو ئەو سووک و ڕیسواییەدا کە ئێوە هۆکار بوون، پێ لە جەرگی هەلاهەلایان بنێن و بڵێن حاشا...!