عاشقبوون بە زمانی مرۆڤی نەخۆش
5/29/2025 9:48:00 PM
د. جەعفەر عەلی
دوای بڕیاری تەیف سامی بۆ نەناردنی موچەی مانگی مایسی موچەخۆرانی هەرێم و لێدانی زەنگی مەترسی تەواوبوونی پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵانی ٢٠٢٣-٢٠٢٥، وەک نەریتێکی هەمیشەیی، لێشاوێک پەرچەکردار لە ئاستی سیاسی و شەخسی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. لەنێو ئەو لێشاوەدا هەندێ پاڵەوانی نمایشی هەن، بەگیرفانی گەرم و پڕەوە ئامۆژگاری موچەخۆرانی گیرفان بەتاڵ دەکەن و بە هوتاف و دروشمی ساختەی نەتەوەیی و نائەقڵانی، خەریکی درێژەدان بە یاریکردن بە هەست و ئاگایی ناوەندی کۆمەڵایەتی کوردین.
دۆخی هەرێم، کێشەی موزمینی نێوان بەغدا و هەرێم، بە گوتاری ئاگرینی نائەقڵانی هەندێک سوڵتانی سیاسی، چ لە هەولێر، چ لە بەغدا و، ئەو وردەواڵانە چاک نابێت، کە بوون بە پارچەیەک لە ناشیرینی و گەرەکیانە لەڕێی هۆنینەوەی قسەی بازاڕی و خوڵقاندنی حەماسی ساختەوە، لە کەنارە تەڵخ و پیسەکانەوە بەرەو قوڵایی پاکێتی، ڕێگەیەک بۆ خۆیان و گەیشتن بە پاروویەکی چەورتر، یان پاراستنی بەرژەوەندییە کەسییەکانیان و گەورەترکردنیان، بکەنەوە.
هیچ نەخۆشییەک هێزی ئەوەی نییە، هێندەی زمانێکی نەخۆش و قەڵەمێکی نەخۆش، مرۆڤ بخلیسکێنێتە نێو دونیای هیچ و پوچییەوە. زمانی نەخۆش، وشە و ڕستەکان بەهەمان نەخۆشی مێشک بارگاوی دەکات، لە سیاقی ئەقڵ و لۆژیک دەریاندەکات و چەواشەکارانە بەگوێرەی بەرژەوەندی شەخسی و سیاسی دەیانڕازێنێتەوە. لە سیستمی دونیای هیچ و پوچیدا، زمانی نەخۆش زیادتر لە زمانێکی تەندروست هێزی خۆدەرخستنی هەیە، زمانی نائەقڵانی توانای گەیاندنی ئاسانتر و کۆکردنەوەی حەشاماتی گەورەتری هەیە. زمانی نەخۆش بەرهەمی ئەقڵی نەخۆش و مرۆڤی بچووک و ناڕەسەنە، ناڕەسەن بە مانا هایدیگەرییەکەی، ئەو مرۆڤانەی بوونی خۆیان بۆ گرنگ نییە و، چەمکە گرنگەکانی نیشتمان، نەتەوە و پیرۆزییەکان، وەک نوقڵی جەژن بەسەر هاونیشتمانیاندا دابەش دەکەن، ئەو مرۆڤانەی، هەموو ڕۆژێک لەڕێی دووبارەکردنەوەیەکی بێ ماناوە، وشە و ڕستە کۆن و سواوەکانیان فڕیدەدەنەوە نێو جوگرافیای کۆمەڵایەتی و پێیانوایە شتێکی نوێیان گوتووە، لەوەش خراپتر، میدیای کوردی لە سەرووی لێکدانەوەکانی دۆگین، فۆکۆیاما و ژیژەک، گرنگیان پێدەدەن و کێبڕکێی گواستنەوەیانە.
دەزانم سوڵتانە سیاسییەکان، حەز بەبیستنی وشە و ڕستە سواوەکانی ئەو لەشکرە ئەقڵ نەخۆش و زمان نەخۆشانە دەکەن، دەزانم خوانی ڕازاوەیان بۆ دابین دەکەن و لە هەرچی لادانی کۆمەڵایەتی و یاساییان هەیە بێدەنگ دەبن، ئەوەش دەزانم، سوڵتانەکان خۆیان سەریان لەنێو ئەو دونیای فۆڕمی نائەقڵانییەتی سیاسی و زمانە نەخۆشە دایە، بۆیە بە هەموو هێزیانەوە پشتیوانی گەورەکردنی ئەو ڕووبەرە لە نەخۆشی دەکەن و حەز دەکەن لە هەموو ماڵێک، هەر کۆڵان و گەڕەکێک، قوتابخانە و فەرمانگەیەک و… هتد، لەشکرێک لەو مرۆڤە نەخۆشانە بچێنن، لەشکرێکی ملکەچ و کەوتوو، لەشکرێک، شانامە بۆ سیاسییە نەخوێندەوارەکانیان بنوسن و لە بەتاڵی خۆیانەوە، فوو بە بەتاڵی ئەواندا بکەن، چونکە برینە سیاسییەکانی سوڵتانە باڵا و پیرۆزەکان، بە زمان و ئەقڵی نەخۆشی ئەو لەشکرە نەخۆشە نەبێت، ساڕێژ نابێت.
باشتر وایە میدیای کوردی لەبری گواستنەوەی ڕستە بێ ئەرزش و تێکشکاوەکانی مرۆڤی تەپەدۆری، تەنها وشە و ڕستەکانی سوڵتانە گەورە و پیرۆزەکانمان بۆ بگوازنەوە، چونکە ڕوونە، ژەهری سەر زمانی سوڵتان، بێ دوودڵی دەبێتە ژەهری سەر زمانی بەندەکانی بەردەم عەرش و باڵەخانەی سوڵتانیش.