دەبێ پێش جەژنى قوربان بەهەر جۆرێک بووە، مووچە بدرێت
01:27 - 31/05/2025
زەمەن:-
تایبەت بە پرسی مووچە، فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق، داوای کۆبوونەوەیان لە سودانی کردووە و چاوەڕێن وەڵام بدرێنەوە.
ئەمڕۆ شەممە، ٣١ی ئایاری ٢٠٢٥، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ڕایگەیاند: رۆژى پێنجشەممەى رابردوو داواکاریى کۆبوونەوەیان ئاڕاستەى سەرۆکوەزیرانى عێراق کردووە و چاوەڕوان ئەمڕۆ شەممە وەڵام بدرێنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، "داواکاریى سەرەکییان ئەوەیە پێش جەژنى قوربان بەهەر جۆرێک بووە، مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دابەشبکرێت".
هاوکات، ڕۆژی 29ـى ئەم مانگە، شاخەوان عەبدوڵا جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، رایگەیاندبوو پاش گفتوگۆیەک لەگەڵ سەرۆکی فراکسیونە کوردستانییەکان، بڕیاردراوە نووسراوێک ئاڕاستەى سەرۆکوەزیرانى عێراق بکرێت، بەوتەى ناوبراو لەسەر ئەو "پێشێلکارییانەی بەرامبەر بەفەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان دەکرێت چووەتە خانەی برسیکردنەوە".
دەشڵێت: داوایان لە سودانى کردووە ئەو پێشێلکارییانە رابگرێت و مووچە رەوانە بکات و کێشەکان لە بنەرەتەوە چارەسەر بکرێت و چیتر مووچە وەکو کارتی سیاسی بەکارنەهێنرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژى ٢٨ـى ئایارى ٢٠٢٥، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تيايدا هاتووە، بەگوێرەى یاساى بودجەى ساڵەکانى ٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥، هەرێمى کوردستان لە ١٢.٦٧٪ـی پشکی خۆی لە بودجە وەرگرتووە و هیچ تەرخانێکی دارایی بۆ مووچە نەماوە.