چوار ئامانجی سهردانهكهی پزیشكیان بۆ ههولێر
10:17 - 11/09/2024
زهمهن - شیكاری
ئەنوەر حسێن (بازگر)
پشتیوانی هێزەكانی میحوەر، مەلەفی هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئیسرائیل
ئەجێندای سەردانەكەی پزیشكیان بۆ بەغدا و هەولێر
لەپاش هەڵبژاردنی لە خولی دوەمی هەڵبژاردنەكانی (2024) مەسعود پزیشكیان سەرۆككۆماری
ئێران یەكەم سەردانی بۆ دەرەوە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، هەولێر، بەسرە،
نەجەف و كەربەلا دەستپێدەكات و دواتر دەچێتە ئەمریكا.
لەو سەردانەیدا دا بەنیازە (14) ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنی ئەمنی، ئابووری و
فەرهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقدا لە بوارەكانی (ڕاهێنان، هاوكاری میدیایی، بواری پەیوەندی،
پۆستە، كشتوكاڵ، ڕۆشنبیری و هوونەر و شوێنەوار، پەروەردە، كۆمەڵایەتی، ڕاهێنانی پیشەیی
و تەكنیكی، هێزی كاری شارەزا، لاوان و وەرزش، ناوچەی ئازادی بازرگانی، ژوورە
بازرگانییەكان، شوێنە گەشتیاری و پیرۆزەكان) ئیمزا بكات.
ئامانجی سەردانەكەی پزیشكیان بۆ بەغدا و هەولێر پەیوەندی هەیە بەدوو تەوەر
و چەند فایل و ئەجێندای تایبەتەوە.
تەوەری یەكەم/ فایلی بەغدا:
یەكەم: لە ململانێی لەگەڵ ئیسرائیل و شەڕی غەززە كۆبوونەوە لەگەڵ هێز و میلیشیا
شیعەكانی عێراق (میحوەر) و پشتیوانیكردنیان و ڕێكخستنەوەیان، لەپاش گرژی و ئاڵۆزی
دابەشبوونیان بەسەر چەند تەیار و بەرەی ناكۆكدا، هەوڵدان بۆ ئازادكردنی هاوڵاتییەكی
ئێرانی (محەمەد ڕەزا نووری) كە لەلایەن ئەمریكاوە دەستگیركراوە.
دوەم: باسكردن لە ئەگەری كشانەوەی تەواوی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و پاشەكشەیان
بۆ كوردستان و ڕۆڵی میلیشا شیعەكان و حكومەتی سوودانی لە پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە لەلایەن
تارانەوە.
سێیەم: پێداچوونەوە و خێراكردن بەجێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە ئەمنەییەی كە لە
ئازاری (2021) لە نێوان (عێراق و هەرێم-ئێران) بۆ داخستن و چەككردنی كامپەكانی ئۆپۆزسیۆنی
ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئیمزاكراوە وەكو عەباسی عێراقچی وتوویەتی.
چوارەم: باشتركردن و زیادكردنی ئاڵووگۆڕی بازرگانی نێوان بەغدا و تاران كەوا
بڕیارە لە (10) ملیار دۆلارەوە بگاتە (20) ملیار دۆلار، كە یارمەتدەری گەورەی ئێرانە،
لە هەلومەرجێكدا كە لەژێر گوشاری گەمارۆكانی ئەمریكا و ئەووروپادایە.
پێنجەم: ڕێوشوێنی گونجاو بۆ پێدانەوەی ئەو قەرزە (11) ملیار دۆلارەی، كە
هاتۆتە سەر عێراق لە دابینكردنی غازی سروشتی و كارەبا بۆ عێراق، كە تووشی گرفت و
دواكەوتن بوە لە دانەوەی بە تاران بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەكانی ئەمریكاوە.
شەشەم: سەردانیشی بۆ بەسڕە لەلایەك بەمەبەستی پڕۆژەی هێڵی ئاسنی نێوان (بەسرە-شەلەمچە)،
لەلایەكی ترەوە پەیوەندی بە ڕاكێشانی ئەو پڕۆژە ئابوورییەوە هەیە، كە توركیا بەنیازە
لەنێوان كەنداوی فارس و توركیا بۆ گەیشتن بە ئەورووپا ئەنجامی بدات (ڕێگای گەشە).
تەوەری دوەم/ فایلی هەرێمی كوردستان:
یەكەم: كاراكردن و خێراكردنی ئەو ڕێككەوتنە ئەمنییەی كە هەرێمی كوردستان دەستی
پێكردوە بە گواستنەوەی كامپ و ئۆردوگاكانی كۆمەڵە و دیموكرات لە زڕگوێزەوە بۆ
سورداش، ڕەنگە ئەوەش باس بكات كە داوای ڕادەستكردنەوە (120) لە كەسایەتی و بەرپرسی
هێزەكانی ڕۆژهەڵات دەكات.
دوەم: دڵنیابوونەوە و پێدانی گەرەنتی لە كۆتایهاتن بە بوونی بنكە و بارەگای
مووسادی ئیسرائیلی لە هەولێر كە هەمیشە گومان و بانگەشەی ئەوەی كردوە.
سێیەم: پزیشكیان بۆی گرنگە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بزانێت لە كاتی كشانەوەی
كۆی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لە كۆتایی (2026) دا ئایا هەرێمی كوردستان بۆچوونی
چییە لەبارەیەوە؟
چوارەم: پەیوەندییە ئابوورییەكانی هەردوولا، كە ئێران خوازیارە هەرێم هاوسەنگی
ئابووری و سیاسی نێوان تاران و ئەنكەرە لە هەرێم ڕابگرێت.
ئەم سەردانەی پزیشكیان جیا لە دەعوەتی فەرمی سوودانیە و كە بانگهێشتی بەغدای
كردوە ڕەدی ئەو سەردان و بەشدارییە كە هەریەكە لە لەتیف ڕەشید، سوودانی، بافڵ تاڵەبانی
و نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی ڕابردوودا بۆ تارانیان كردوە.
یەكەم سەردانی پزیشكیان بۆ دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ بەغدا و هەولێر ئەوەمان پێدەڵێت
كە ئەم دوو ناوچەیە چەندە گرنگن لە چوارچێوەی پێگە و ستراتیژی كۆماری ئیسلامی ئێرانن
لە ناوچەكەدا و بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو پێگە و بەرژەوەندییە ساسی، ئابووریە، فەرهەنگی
و مەزهەبیانە نابێت كە نەخشەی دوور مەودای بۆ كێشاوە.