هەواڵ

ئاسایش و ئەمنییەتی کەرکوک لەژێر رکێفی کێدایە؟

05:50 - 11/07/2019 106 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

بەپێی بەدواداچوونەکانی “زەمەن” ئێستا دەسەڵاتداری یەکەم لە کەرکوک، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانە و چەندین هێزی چەکداری جۆراوجۆری تر لە کەرکوک و دەوروبەری هەن. ژمارەیەک گروپی کوردییش خەریکی دروستکردنی هێزی چەکدارن.


لە دوای روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ەوە، دۆخێکی ئەمنی ئاڵۆز لە کەرکوک دروستبووە، تەواو دەسەڵاتە ئەمنی و سەربازییەکان، لە پارێزگار وەرگیراونەتەوە و دووبارە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم هێزەکان پێکهێنراوە. تورکمان و عەرەب، هێزی تایبەتیان هەیە، تاکە هێزی غایب لە سنوورەکە کوردە.


بە فەرمانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک بە سەرۆکایەتی لیوا روکن سەعد عەلی حەربی، لە یەکەکانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی پێکهاتووە، کە چەندین فەوج و سریە و یەکەی سەربازیی لە خۆدەگرێ. تاکە دسەڵاتداری سەربازیی و ئەمنی لە سنووری پارێزگای کەرکوک ئەو پیاوەیە.


بارەگای فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سەربازگەی (کەیوان)ـە لە کەرکوک، لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان و سێ جێگر پێکهاتوون، ئەوانیش فەرماندەکانی لیوای 61ی تایبەت و فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی و فەرماندەی لیوای 16ی حەشدی تورکمانییە.

هێزەکان لە کەرکوک: 

لیوای 61

لیوای 61ی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، کە لە سەرەتای ئەمساڵ جێگەی یەکەی بەرپەرچدانەوەی تیرۆری گرتەوە و بارەگای سەرەکی لە کەیوەنە. ئەرکی پاراستنی دەرەوەی شاری کەرکوک و بەتایبەتی کێڵگە نەوتییەکانی پێ سپێردراوە.

عەمید روکن عەلی حوسێنی، فەرماندەی هێزەکە، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانە.


پۆلیسی فیدراڵی

سێ فیرقەی پۆلیسی فیدراڵی لە کەرکوک جێگیرن، ئەوانیش فیرقەکانی 3 و 5 و 6ی پۆلیسی فیدراڵییە و ئەرکەکەیان لەگەڵ پۆلیسی ناوخۆیی پاراستنی دۆسیەی ئەمنی ناوشاری کەرکوکە.


پۆلیسی ناوخۆیی

 بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس و بنکەکانی پۆلیس لە گەڕەکەکانی کەرکوک، بەشێکی زۆریان لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە و ئەرکیان تایبەت کراوە بە هەندێک دۆسیەی تاوانی کۆمەڵایەتی و دۆسیەکانی رۆژانەی پۆلیس و ئەرکێکی ئەوتۆیان نەماوە لە رووی پاراستن و ئەمنییەوە.


حەشدی شەعبی

 لیوای 16ی حەشدی شەعبی “تورکمانی” بەهێزترینیانە، ئەبو سائر بەشیری، فەرماندەی لیواکە، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانە و سەرجەم یەکەکانی لە کەرکوک و دەوروبەری بڵاوە پێکراون.

لیوای 4ی حەشدی شەعبی و کەتیبەکانی عەسائیبی ئەهلی حەق، بەدر، نوجەبا، لیوای 56ی حەشدی کەرکوک، عەباسی قیتالی، حزبوڵڵا، حەرەکەی ئیسلامی، حەشدی عەشایەری، حەشدی عەرەبی، لە کەرکوک، بنکە و بارەگایان هەیە و لەناو گەڕەک و شوێنە گشتییەکان و دەوروبەری کەرکوک جێگیرکراون.


گروپی کوردی

 بەپێی قسەی سەرچاوەیەکی تایبەت بۆ زەمەن، چەند کەس و دەستڕۆیشتوویەکی کورد لە کەرکوک، سەرقاڵی پێکهێنانی هێزێکن بەناوی (گروپی سەید) و رۆژانە ناوی خەڵک دەنووسن و ناسنامەیان بۆ دەردەکەن. ئەوان هەوڵی دروستکردنی هێزی چەکدار دەدەن بەناوی ئەوەی پەیوەندییان بە مەرجەعیەتەوە هەیە، بەڵام نازانرێت سەر بە چی گروپ و لایەنێکن.
سەرچاوەکە، ئەوکارەی بە “جاشایەتی و مەفرەزە خاسە”ی نوێ ناوبرد و رایگەیاند: ئەو کارە سومعەی کورد ناشرین دەکات و ئەوەندی تر هێزەکان پەرت دەکات.


گۆڕانکاریی هێز

 بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، وا بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، شوێنگۆڕکێ بە هەندێک لە هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی بکرێت و لە جێگەی ئەوان چەند لیوایەکی سوپای عێراق جێگیر بکرێن.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، فیرقەی 11ی سوپا و فیرقەی 6 و فیرقەی 15ی سوپای عێراق، جێگەی فیرقەکان 3 و 6 و 5 ی پۆلیسی فیدراڵی بگرنەوە و زۆرینەیان بچنە دەرەوەی شاری کەرکوک، بەڵام هێشتا لیوای 61ی تایبەت ئەرکی دۆسیەی کەرکوکی لە دەستدا دەمێنێ.


هێزی فرەرەگەز

 ئازاد جەباری، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە “زەمەن”ی وت:ئەوەی روودەدات تەنیا جێگۆڕکێی هێزە و هێزی دیکە شوێنیان دەگرێتەوە، سروشتی سوپا و سەرباز ئەوەیە بەردەوام ئەرکیان دەگۆڕێت و لە گۆڕاندان.

ئاماژەی بەوەشکرد؛ ئێستا پڕۆژەیەک هەیە بۆ پێکهێنانی هێزێکی تایبەتی 5000 کەسیی لە پێکهاتەکانی شارەکە، بۆ ئەوەی هاوشانی پۆلیسی ناوخۆیی ئەرکی ئاسایش و ئارامیی کەرکوک بگرنە دەست، بەڵام هێشتا نەبووەتە بڕیار.

جەباری، نیگەرانیی خۆی نیشاندا کە بە هۆی کەمبوونەوەی دەسەڵاتی کورد لە کەرکوک، ئێستا نوێنەرەکانیان لە بەغدا نەرمیی دەنوێنن بەرامبەر هەندێک بڕیاری بەغدا، کە رەنگە بە زیانی کورد و شارەکە بشکێتەوە. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن