قوربانییە توندڕۆکان
10:51 - 09/07/2019
زەمەن: پشکۆ نەجمەدین
وەک میللەتێک بە درێژایی مێژووی خۆمان، قوربانیی فیکر و ڕوانین و ڕەوتاری توندئامێزی ئەوی دیکەین... ئەوی دیکە؛ نەیاران و دوژمنان و داگیرکارانی، هزر و زمان و ئازادیی و جەستەی خۆمانو نیشتمانمان!
مێژوو، لە قۆناغ و سەردەمە جیاکانی خۆیدا، لە پانتاییی ژیان و هەناسە و مامڵەکردنماندا، پردێکی بۆ تێگەیشتن لەنێوان ئێمە و ئەوانی دیکەدا ڕۆنەناوە و ئەگەریش خوازیاری بووبین، دیسان ئەوان، بە پاچی ڕک و کینەیان، بنکۆڵیان کردووە و بەرهەمێکمان دەست نەکەوتووە، جگە لە سڕینەوە و کوشتوکوشتار و وێرانکردن.
بەرکەوتنی مێژوویی ئێمەی قورربانییە گوناهەکان و ئەوانی جەللادە چنگخوێناوییەکان، جگە لە وێرانکردنی جەستە و داغانکردنی ڕۆح، ئیدی لە زەمەنێکی درێژدا، ئەم درمی توندوتیژی و ئەویدی سڕینەوەیە، بۆ دنیای ڕووح و هزرینی ئێمەش گوێزراوەتەوە و لە خانەکانی کولتووری سیاسیماندا گەرای خستووە.
من پێم وایە، ئێستا ئەگەر لە بواری فیزیکیدا و لە پانتاییەکی سنوورداردا، زەبری ئەوی دی، ڕاستەوخۆ لەسەر جەستەی گەلو نیشتمانی ئێمە، فەنا بووبێت، دیسان ئێمە لەژێر کاریگەریی زەبری زەینی و ڕووحی خۆمان، نەک هەر ڕزگار نەبووینە، بگرە خەسڵەتێکی بنەڕەتیی هزرین و ڕەوتار و هەڵسوکەوتمانە دەرهەق بەیەک.
ئەم دیاردەیە، تەنیا لە پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان حیزبە کوردییەکاندا نابینیرێت، بگرە لە نووسین و دەربڕینی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای نووسراوی کوردیدا، زەق و بەرچاوە.
من ناچارم بڵێم:
تۆ هەر کەسێک بیت، سەر بە هەر نەتەوە، ڕەگەز، حیزب، ئایین و مەزهەبێک بیت یاخود نەبیت، ساتێ لە هەوڵی ئەوەدا بیت؛ بیرکردنەوە، ڕەوتار و هەڵسووکەوتی کەسێک، ژیان و هەڵبژاردنی کەسێک، لەژێر هەر هەنجەت و پاساوێکدا، بۆ هەر مەرام و مەبەستێک، سنوردار بکەیت و لەسەر هەر هەڵویستێک کە دڵخواز و فیکرخوازی تۆ نییە، لە مەنگەنە بدەیت و زیاتریش پێی لێ هەڵبڕیت و سووکایەتیی پێ بکەیت... تۆ جگە لە فاشیستێک، شتێکی دیکە نیت!
ئەم بۆچونە، سەروکارێکی لەگەڵ گلەیی و گازندە و ڕەخنە و ڕەخنەگرتندا نییە!