596 دیمانە

شێخ نەهرۆ کەسنەزانی: ئێستا خۆمان لە پارتی و یەكێتی بە دوورگرتووە

12:53 - 13/04/2024


زەمەن _دەنگی ئەمریكا

سەرۆکی تەریقەتی عەلیەی قادری کەسنەزانی ڕایدەگەیەنێت، لە ڕابردوودا پرۆژەیان هەبووە، بەڵام بۆ ئەوەی نەبنە فیتنە لە نێوان هیچ لایەنێک هەڵویستیان گۆڕاوە و لە ئێستادا خۆیان لە هەردوو حزبی باڵادەست لە هەرێم بە دوور گرتووە. داوای هاوهەڵویستی و تەبایی لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێمیش دەکات و دەڵێت،" حزبایەتی ئەوە ناهێنێت سەنگەر لە یەک بگرین و یەکتر بکوژین."

شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، سەرۆکی تەریقەتی عەلیەی قادری کەسنەزانی  بۆ دەنگی ئەمریكا  وتی،" من ئێستا خۆم لە هەردوولایەنەکە بە دوور گرتووە لە سەرەتادا هەندێ هەوڵماندا، بەڵام نەکرا. ئێمە نە پێویستی سیاسی و نە ماددیی و نە مەعنەویمان هەیە، ئێمە پێویستی مەعنەویمان لای خوای گەورە و حەزرەتی محمد و عەلی و استازەکانمانەوەیە بەڵام ئێمە وەک واجبی سەرشانمان هەستاین بەو هەنگاوانە."

وتیشی،" تەریقەت هەمیشە پاڵپشتی میللەت بووە پاڵپشتی ئەوانە بووە کە زوڵمیان لێکراوە، ئێستا ئێمە بێینە سەر ئەوەی زوڵم لە ناوماڵی خۆمان بکرێت ئیتر هی ئەوە نییە زیاتر بڕۆین، بۆ ئەوەی نەبینە فیتنە لە نێوان هیچ لایەنێک بۆیە ئێستا ئێمە هەڵوێستێکی ترمان هەیە."

لە ماوەکانی ڕابردوودا وابڕیار بوو چەند کەسایەتیەکی سەر بە تەریقەتی کەسنەزانی قەوارەیەکی سیاسی نوێ دروست بکەن وبەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم بکەن، بەڵام دوای ماوەک شێخ نەهرۆ کوردستانی بەجێهێشت، ڕۆژی 12ی مانگی 7ی 2023 نوسینگەی تایبەتی شێخ نەهرۆ ڕایگەیاند، شێخ لە پێناو "چاکەی گشتیدا" کوردستانی بەجێهێشتووە و تەنها لە بۆنەکاندا دەگەڕێتەوە سلێمانی.

نوسینگە تایبەتیەکەی شێخ نەهرۆ هۆکاری بەجێهێشتنەکەی شێخیشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی "ناکۆکی لە نێوان یەکێتی و پارتی بەشێک لەلایەنە سیاسیەکاندا هەبووە و شێخ هەوڵی نێوەندگیری داوە ، بەڵام سەرەڕای ئەوەی هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون تاوانباریش کراون، بۆیە شێخ بڕیاریداوە سلێمانی بەجێبهێڵێت."

ناکۆکیەکان گەشتە ئەوەی لە 18ی مانگی 7ی هەمان ساڵیش بە تۆمەتی بەکارهێنانی هێزێک بە ناوی "هێزە خۆبەخشەکەی گەرمیان" داگای دوزخورماتوو فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو لە کەسە نزیکەکانی شێخ دەربکات.

دوای نۆ مانگ لە بەجێهێشتنی سلێمانی وا بڕیاربوو ڕۆژی 8 ی مانگی 4 شێخ نەهرۆ بگەڕێتەوە سلێمانی، بەڵام بە هۆی دەستگیرکردنی دوو لە نزیکەکانی بە ناوی سەربەست ساڵح و کەمال کوبەیسی، سەفەرەکەی دوا کەوت و ڕۆژی سێ شەممە 9 ی 4 شێخ نەهرۆ کەسنەزانی گەڕایەوە سلێمانی و شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینیش بە بەشداری هەزاران کەس لە دەروێشان و موریدانی لە تەکیەکەی خۆی مەراسیمی زیکر و بەخێرهاتنەوەی بۆ سازدرا.

شێخ نەهرۆ وتی" پەیاممان ئەوەیە بۆ خەڵکی هەرێم بە حوکمی ئەوەی کورستان لە ڕووی جیۆپۆڵەتیکەوە هەستیارە ئەبێ هەمە ئەو کەسانەی پەیامە سیاسیەکەیان لە هەرێم هەڵگرتووە لە سەر یەک وەتەر ئیش بکەن، هەتا ئەگەر جیاواز و ڕەنگاو ڕەنگ بن، بەڵام حزبایەتی ئەوە ناهێنێت سەنگەر لە یەک بگرین و یەکتر بکوژین."

وتیشی،" ئەبێ منافەسەمان ئەوەبیت کە خزمەتی میللەتەکەمان بکەین ئەو خزمەتە دەبێتە پەیام بۆ جیهان و بۆ وڵاتانی ئیقلیمی وەک ئێران و تورکیا یان وڵاتانی عەرەبی کە درواسێی عێراقن، حزبی کوردی ئەرکیەتی کە ڕوئیایەکی هاوبەشیان هەبێت و بتوانن چۆن لە نێوان ئەم ئاڵەنگاریە گەورانەی لە ناوچەکە هەیە کوردی تێنەئاڵێنن و بیخەنە چاڵێکی ترەرە ئەبێ بە گوێی یەکتر بکەن، بە ڕای من پێم باشە لیژنەیەکی باڵای سیاسی هاوبەش لە نێوان هەموو حزبەکان دابنرێت لەگەڵ حکومەت کە بتوانن پلانێک و نەخشەی سیاسی هاوبەش دابنێن کە چی لە بەرژەوەندی میللەتەکەمانە و زیان لە میللەتەکە دوور بخەنەوە."

سەرەڕای نیگەرانیەکانی لە ڕابردوودا، بە قسەی خۆی گەڕانەوەی شێخ نەهرۆ بۆ بەشداریکردنە لە ساڵیادی لە دایک بوونی ( شێخ محەمەد کەسنەزانی) باوکی کە دەکاتە ڕۆژی 15ی مانگی 4، بەڵام شێخ نەهرۆ دەڵێت،" ئێستا کە هاتوومەتەوە بۆ ئەم مەراسیمە بۆ بەشداریکردنمانە لە یادی لە دایکبوونی ئوستازمان شێخ محەمەد کەسنەزانی، بەڵام هێشتا بڕیاریشمان نەداوە بۆنەکە لە بەغداد یان لە سلێمانی بکەین."

دواتر 1 2 3 4 5 6 7 پێشتر 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن