1128 کەلتور

کتێبخانەى زەمەن

08:46 - 04/07/2019

"زەمەن"

 

مردن لە مەیخانەیەکی کۆندا!
ئەم کتێبە کۆمەڵە چیرۆکێکی چیرۆکنووس “نەجات نوری”یە و ماوەیەک لەمەوبەر چاپ و بڵاوکرایەوە.


مردن لە مەیخانەیەکی کۆندا، لە دە چیرۆک پێکهاتووە، بە ناوەکانی (گەمەی باڵندە مردووەکان، چیرۆکێ بەم ناونیشانەی سەر، سەربازەکان یاری تۆپی پێ دەکەن، فوڕاتی سپی، قەڵەم فرۆشەکە و چەند ناوێکی تر.)


نەجات نووری، لەم کۆمەڵە چیرۆکەدا زیاتر کاری لەسەر ئایدیاڵی بابەت و گێرانەوە لەناو یادەوەریی و نەستدا کردووە. بابەتی گێڕانەوە لە چیرۆکەکانی بابەتی سەرنجڕاکێش و فەنتازین، خەیاڵی خوێنەر دەجوڵێنن و یادەوەریی ئازاد دەکەن لە بینین و تێڕامان.


پەیوەندی نێوان بابەتی چیرۆکەکانی ئەم کتێبە، تەنها خودی نووسەر و گێڕەرەوەیە، گەر نا، هەر یەکەیان بابەت و دیوێکی تری چیرۆک و بەسەرهاتە فەرامۆشکراوەکانی ژیان و دەوروبەرمانە.
ڕێگای هەڵە


ڕێگای هەڵە، ڕۆمانێکی گراتزیا دێڵددا نووسەری ئیتاڵییە و لەلایەن جەبار سابیر لە فارسییەوە کراوە بە کوردیی و لەلایەن ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ڕه‌هه‌نده‌وه‌ چاپکراوە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڵاوبێتەوە.


جەبار سابیری وەرگێڕ، سەبارەت بەم ڕۆمانە دەڵێت: (ڕۆمانی ڕێگای هەڵە، حیكایه‌تی ماریای كچه‌ ئاغا و پیترۆی نۆكه‌ره‌، حیكایه‌تێك كه‌ پڕه‌ له‌ دڵه‌ڕاوكێ‌ و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی عه‌شق. پڕه‌ له‌ ترس و تۆقین و نیگه‌رانی. پیترۆ عاشقی ماریا ده‌بێ و ماریاش له‌ به‌ر پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، خۆی بۆ ساغ ناكرێته‌وه‌. پیترۆ ئه‌وه‌نده‌ سوورده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌و عه‌شقه‌ ده‌بێته‌ پیاوكوژو دواجار به‌ ماریا ده‌گات، ڕۆمانێك به‌ چنین و ته‌كنیكێكی هێنده‌‌‌ ورد نووسراوه‌ خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ره‌كان خۆی لێده‌بێته‌ یه‌ك و له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وان خه‌فه‌ت ده‌خواو دڵی ده‌شكێ و نیگه‌ران ده‌بێ و ده‌كه‌وێته‌ ترسه‌وه‌. یه‌كێكه‌ له‌ شاكاره‌ كلاسیكه‌كانی ئه‌ده‌بیاتی ئیتاڵیی. 


موزیک چییە؟
ئەم کتێبە، یەکێکە لە زنجیرە کتێبە بڵاوکراوەکانی ئێثنۆمیوزیکۆلۆجیست، لەلایەن مۆزیککار توانا حەمە نووسراوە.


 ئەم کتێبە 136 لاپەڕەیە. لە کۆمەڵێک وتاری جیاواز دەربارەی موزیکی کوردیی و موزیک بەگشتی پێکهاتووە. بە گشتیی بە خوێندنەوەی کتێبەکە خوێنەر زانیاریی لەسەر چەمک و لایەنەکانی مۆزیک زیاد دەبێت.


سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبەکە، توانا حەمە دەنووسێت: (گەرچی بابەتەکان جیاوازن، بەڵام کۆکردنەوەیان لە ناو دوو توێی ئەم کتێبەدا گرنگە بۆ خوێنەر و ئەو کەسانەی حەزیان بە بابەتی هونەریی و مۆزیکیی هەیە.)


ناوەرکی ئەم کتێبە لە سێ بەش پێکهاتووە، بەشی یەکەم : کۆمەڵێک وتار دەربارەی موزیکی کوردی.وتارەکانی نێو ئەم زنجیرەیە خوێندنەوە و ڕانان بۆ موزیکی کوردی، بەشی دووەم: شیکاری چەند زاراوەیەک، بەشی سێیەم: ژیاننامەی گۆرانیبێژان موزیکدانەرانی لەخۆگرتووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن