لە گاپۆن کوەتاى سەربازى رویدا
11:49 - 30/08/2023
زەمەن_جیهانى
لە وڵاتی گابۆن، دواى راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، گروپێک سەرباز هەڵیانکوتایە سەر بینای تەلەڤیزیۆنی نیشتمانیی و دەستبەسەرداگرتنی حکومەتیان راگەیاند.
ئەمڕۆ سەربازانی سوپای گابۆن رایانگەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردنی وڵاتەکەیان رەتکردووەتەوە و دەستووریان هەڵوەشاندووەتەوە و کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی وڵاتەکەیان کردووە.
گەورە بەرپرسانی سوپای گابۆن لە رێگەی تەلەفیزیۆنی فەرمی وڵاتەکەیانەوە رایانگەیاند، لەدوای ئەوەی بردنەوەی عەلی بۆنگۆ بۆ جاری سێیەم لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەدا راگەیەندراوە، دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان باوەڕپێکراو نییە و دانی پێدانانێن، بۆ ئەمەش سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵدایە.
لە ئێستادا سەرجەم سنوورەکانی گابۆن داخراون دامەزراوەکان هەڵوەشاونەتەوە، دەوترێت دەنگی تەقە لە پایتەختی وڵاتەکە دەبیسترێت.
ئاژانسى رۆیتەرز ئاماژەى بەوەکردوە، دوای دەرکەوتنی گروپەکە لە تەلەڤیزیۆنى نیشتمانى دەنگی بەرزی تەقە لە شاری لیبرڤیلی پایتەخت دەبیسترێت.
ئەفسەرەکان دەڵێن: "بە ناوی گەلی گابۆنەوە بڕیارمانداوە بەرگری لە ئاشتی بکەین بە کۆتاییهێنان بە رژێمی ئێستا."
ئەگەر ئەم کودەتایە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، دەبێتە هەشتەمین کودەتا لە ساڵى 2020ـەوە کە لە رۆژئاوا و ناوەڕاستى ئەفەریقا رویدابێت ئەوەش دواى کودەتاى هەریەک لە (مالی، گینیا، بورکینافاسۆ، چاد و نەیجەر).
ئەو کودەتایە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە ناوەندی هەڵبژاردنەکانی گابۆن رۆژی چوارشەممە رایگەیاند کە بۆنگۆ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بە 64.27%ی دەنگەکان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەڵبژاردنێکی گشتی کە بەهۆی دواکەوتنەوە توشی کێشە بو و ئۆپۆزسیۆن بە ساختەکاری ناساندى.