کوردستان

وەزارەتی كارەبا: دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا دوورە لە راستییەوە

02:01 - 25/05/2023 73 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن

وەزارەتی كارەبا رایگەیاند: دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەر کیلۆواتێکی کارەبا لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار دوورە لە راستییەوە و، کرێی کارەبا بۆ هاووڵاتیان لە هەموو شوێنێک بە بازاڕ و ستییە ئاساییەکانیشەوە هەمان نرخی جارانە و وەک خۆیەتی. 


وەزارەتەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: وەزارەتی کارەبا تەنیا بۆ ستییە گرانبەهەکانی بە سیستەمی پریپەید، کارەبایەکی 24 کاتژمێرییان هەیە و موەلیدەی ئەهلییان نییە، بڕیاری داوە هەر کیلۆواتێکی کارەبا بە 156 دینار ئەژمێر بکرێت. 

ئاماژەبەوەكراوە، سیستەمی پریپەید تەنیا بۆ زیاترکردنی کاتەکانی پێدانی کارەبا و چارەسەرکردنی گرفتی قەرزی کارەبایە، بەهۆیەوە پێدانی کرێی کارەبا دەبێتە پێشوەختە.

وەزارەتی كارەبا دەڵێت ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم گەیشتووەتە نزیکەی (7400) مێگاوات، بەڵام بەهۆی کێشەی سوتەمەنی و نەختینەوە، ئێستا کەمتر کە (4200) مێگاوات بەرهەم دێت. سیستەمی پریپەید بەشێکی زۆری ئەم کێشەیە چارەسەر دەکات و بەرەو دابینکردنی كارەبایەكی باشتر بۆ هاوڵاتیان هەنگاو دەنێین. 

پرۆسەی سیستەمی پریپەید ماوەی ساڵێكە دەستیپێکردووە و، تا ئێستا لە ستییەکانی گوندی ئیتاڵیی یەك و فیوچەر ستی و پارک ڤیو و جیهان ستی و گوندی لوبنانی و دریم سیتی و نازناز ستی و كواترۆ تاوەر و رۆیا تاوەر و بازاڕی لەنگە لە هەولێر و بازاڕی دهۆک و ئەڤرۆ سیتی و بازاڕی عەلوەی سلێمانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کراوە.

ئەوەش دوای ئەوە هات ئەندازیار عەلی ئیسماعیل عەبدولغەنی بەڕێوەبەری پێوەری زیرەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچوون سەربە وەزارەتی کارەبا بە ئاژانسی ئەنادۆڵی رایگه‌یاندبوو جاران بە درێژایی ساڵ نرخی هەر کیلۆواتێک ١٥ دینار بوو، دوایی بووە ١٨ دینار، بەڵام ئێستا نرخی ١٥٦ دینارە بۆ هەر کیلۆواتێک.

هەروەها دەشڵێت: ئەمەش بەراورد بە پارەی مۆلیدەکان لە پڕۆژە نیشتەجێبووەکان زۆر کەمترە بە جۆرێک لە مۆلیدەی ستییەکان (پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون) هەر کیلۆواتێک بە ٤٥٠ دینارە".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن