152 جیهان

لە سەری ساڵەوە تا ئەمڕۆ نزیکەی ٢٤ هەزار بوومەلەرزە لە تورکیا روویداوە

09:30 - 17/03/2023

زه‌مه‌ن - ناوچه‌یی

بەڕێوەبەری گشتیی بوومەلەرزە و کەمکردنەوەی مەترسییەکان لە سه‌رۆكایه‌تی ئافاد، ئۆرهان تاتار دەربارەی ئەو بوومەلەرزەیەی کە بە گوڕی ٤،٨ پلە لە بۆڵو روویدا، گوتی: "ئەو بوومەلەرزانەی کە بەم گوڕەن، درز لەو هێڵانە دروست ناکات کە بە دەریای ماڕماڕا لە باشووری ئیستانبوڵ تێدەپەڕن".

ئۆرهان تاتار لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ناوەندی بەڕێوەبردنی دۆخی لەناکاو سەربە ئافاد ئاماژەی بەوە کرد، ٣٩ رۆژ بەسەر بوومەلەرزەکانی قەهرەمانمەڕەش تێپەڕیوە و رایگەیاند لە شوێنەکانی دەرەوەی ناوچەی بوومەلەرزەکان پاشلەرزە و بوومەلەرزەی دیکە روویداوە.

تاتار باسی لەوەش کرد کە ئەمڕۆ کاتژمێر ١٣:٥٥ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٤،٨ پلە لە باکووری رۆژئاوای بۆڵو روویداوە و دوای ئەوە لە کاتژمێر ١٤:٤٧ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥،٣ پلە شاری خۆی له‌ ئێران روویداوه‌.

ئاشکراشیکرد لە شاری وان هەست بە بوومەلەرزەکەی شاری خۆی کراوە و رایگه‌یاند: "ئەو بوومەلەرزەیەی کە کاتژمێر ١٣:٥٥ بە گوڕی ٤،٨ پلە لە باکووری رۆژئاوای بۆڵو روویدا بە هێڵی باکووری ئانادۆڵوەوە بەستراوە، بوومەلەرزەیەکە کە لە باکووری ئەودا ماوە و لەسەر لقێکی کورت و بچووکدا روویداوە. لە دوای ئەم بوومەلەرزەیە چەند پاشلەرزەیەکی جیاواز روویدا کە گەورەکەیان ٣،٣ پلە دەبوو".

ئۆرهان تاتار ئەوەشی خستەڕوو بوومەلەرزەی بەو قەبارەیە لەسەر درزی زۆر کورت بوومەلەرزەی گەورەی لێناکەوێتەوە و گوتی: "ئەو بوومەلەرزانەی کە بەم گوڕەن، درز لەو هێڵانە دروست ناکات کە بە دەریای ماڕماڕا لە باشووری ئیستانبوڵ تێدەپەڕن".

بەڕێوەبەرە گشتییەکەی ئافاد ئاماژەی بەوەش کرد لە هەفتەکانی داهاتوودا ئەو بوومەلەرزە مامناوەندانە بەردەوام دەبێت کە هاووڵاتییان هەستی پێدەکەن و گوتی: "پاشلەرزەکان ئەگەری هەیە بەتایبەتی زیان بەو باڵەخانانە بگەیەنێت کە زیانیان بەرکەوتووە و بیانڕووخێنێت. لەبەر ئەو هۆیە داوا لە هاووڵاتییانمان دەکەین کە زۆر گرنگە لە باڵەخانە زیانبەرکەوتووەکانی ناوچەکە دووربکەونەوە و نەچنە نێو ئەو باڵەخانانەی کە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە و کەلوپەل و پێداویستی لەو شوێنانەی دەرنەهێنن".

تاتار باسی لەوەش کرد کە لە دوای ئەو دوو بوومەلەرزەیەی کە بە گوڕی ٧،٧ و ٧،٦ روویداوە لە هەر شوێنێکی وڵاتەکە وەکو هەموو کاتێکی ئاسایی بوومەلەرزە بەردەوام دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە تاکو ئێستا لە ناوچەی بوومەلەرزەکە جگە لەو نزیکەی ١٨ هەزار پاشلەرزەیە، لە سەرەتای ساڵەوە بۆ ئێستا نزیکەی شەش هەزار بوومەلەرزەی سەربەخۆ لە ناوچە جیا جیاکانی وڵاتەکەی داوە و گوتی: "دەتوانین بڵێین لە سەری ساڵەوە بۆ ئەمڕۆمان نزیکەی ٢٤ هەزار بوومەلەرزە لە وڵاتەکەمان روویداوە".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن