کوردستان

قوباد تاڵەبانی: لەسەر دۆسیەی هاوکار جاف چاوەڕێی دروستکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەشین بە پشتیوانی لایەنی نێودەوڵەتی

06:02 - 02/02/2023 115 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن_هەولێر

جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم رایگه‌یاند، لەسەر دۆسیەی شەهیدکردنی هاوکار جاف بەپشتیوانی لایەنی نێودەوڵەتی چاوەڕێی دروستکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوەین.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، قوباد تاڵه‌بانی له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ مارك برایسن ریچاردسن، باڵیۆزی بریتانیا له‌ عێراق كۆبوه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداد و دۆخی ناوخۆیی كوردستانیان تاوتوێكرد.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌چو و تیایدا ڕۆزی كه‌یڤ كونسوڵی گشتیی بریتانیا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ی بو، قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند، "باشترین بژارده‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و بۆ به‌غداش رێككه‌وتنێكی گشتگیری درێژخایه‌نه‌ به‌پێی ده‌ستور له‌سه‌ر بودجه‌ و یاسای نه‌وت و گاز و كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی دیكه‌"، جه‌ختیشیكرده‌وه‌، پێویسته‌ هه‌رچی زوه‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ بكرێت و دواكه‌وتنی رێككه‌وتن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌كدا نییه‌.


جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "داواكاری سه‌ره‌كی هاوڵاتیانی كوردستان خزمه‌تگوزارییه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌وله‌وییه‌تی ئێمه‌ش دابینكردنی بودجه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین وه‌ك پێویست پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان جێبه‌جێبكه‌ین".


له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا باسی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێم كرا و هه‌ردولا جه‌ختیانكرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت كێشه‌كان له‌ڕێی گفتوگۆوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا و سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی شه‌هیدكردنی هاوكار جاف، قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند، "هه‌ر له‌ رۆژی یه‌كه‌مه‌وه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان داوای پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی كرد بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌كه‌ و ئێستاش چاوه‌ڕێی پێكهێنانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ین به‌ ئاماده‌بونی لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی تا راستییه‌كان وه‌ك خۆی بۆ رایگشتی ئاشكرا بكرێت".


له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باسی ریفۆرم له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش كرا و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "سورین له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به‌ چاكسازییه‌كان و رێگه‌ ناده‌ین كێشه‌ سیاسییه‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر ره‌وتی چاكسازییه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هه‌بێت".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن