بزوتنەوەی گۆڕان: ململانێکان لەسەر بەرژەوەندی حیزبی و دەسەڵاتە نەک خەڵک
07:33 - 08/12/2022
زهمهن – ههرێمی
كوردستان
بزوتنەوەی گۆڕان داوا دەکات دەستور ببێتە بنەمای چارەسەری ناکۆکیەکانی نێوان
ھەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی و دەشڵێت: لە رابردوودا زۆر شت وتراوە ھەر قسە بووە و لە
کردەوەدا ھەنگاوی کرداریی نەنراوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، ٨ی ١٢ی ٢٠٢٢، جێسیکا سڤاردسترۆم، باڵیۆزی سوید لەعێراق سەردانی
مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و بە ئامادەبونی عومەر سەید عەلی، و هۆشیار عومەر
عەلی، رێکخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و شوناس شێرکۆ جدی، ئەندامی ژور،
تاوتوێی دۆخی سیاسی کوردستان کرا.
هۆشیار عومەر عەلی رایگەیاند؛ لە کۆبونەوەکەدا باسمان لەوەکردوە، گەلی کورد
لە ھەمولایەکەوە لە ژێر ھێرشدایە و ململانێکان لە ھەرێمی کوردستان لەسەر بەرژەوەندی
حیزبی و دەسەڵاتە نەک خەڵک و بەرژەوەندی خەڵک و چارەسەری بێکاری و باشترکردنی گوزەرانی
خەڵک.
جەختیشی کردەوە کە بزوتنەوەی گۆڕان دەستپێشخەری ھەیە بۆ چارەسەری ناکۆکیەکان
و بەردەوامە لەسەری.
ئاماژەی بەوەشکرد، بزوتنەوەی گۆڕان پێیوایە بە یەک گوتاریی و سیاسەتێکی
ھاوسەنگ و ئەقڵانی دەتوانرێ سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری کوردستان بەرامبەر وڵاتانی
دراوسێ بپارێزرێت.
رونیشیکردەوە، دەبێت دەستور ببێتە بنەمای چارەسەری ناکۆکیەکانی نێوان حکومەتی
ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی بێت. لە رابردوودا زۆر شت وتراوە ھەر قسە بووە
و لە کردەوەدا ھەنگاوی کرداری نەنراوە.
لەبارەی دۆزی کورد لە تورکیاوە، شاندی بزوتنەوەی گۆڕان دوپاتی کردەوە کە کێشەکان
بە رێگەی ئاشتی و گفتوگۆی نێوان پارتە کوردییەکان و حکومەتی تورکیا چارەسەر دەبێت،
چونکە 40 ساڵە نەتوانراوە بە رێگەی سەربازی کۆتایی پێبھێنرێت و کورد و تورک و نەتەوەکانی
دیکە لە ئاشتیدا ھیچ زەرەرێک ناکەن.
فۆتۆ:بڕیار نامیق