کوردستان

بەردی بناغەی زانكۆیەكی دیكە دانرا
ژمارەی زانكۆ تایبەتەكان لە حكومییەكان زیاترە

01:41 - 08/12/2022 148 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن


رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی زانكۆ و پەیمانگا تایبەتەكان زیاد دەبێت، ئەمڕۆش سەرۆكی حكومەتی بەردی بناغەی زانكۆیەكی دیكەی تایبەتی دانا، ئەوەش لە كاتێكدایە شارەزایانی بواری خوێندنی باڵا باس لە پاشەكشەی خوێندنی حكومی دەكەن.


مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر بەردی بناغەی زانکۆی بەریتانی نێودەوڵەتی دانا، کە "یەکەمین لقی زانکۆی لەندەنە لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست، هەروەها دووەم لقی ئەو زانکۆیەیە لە جیهاندا".

مەسرور بارزانی، لە وتارێكدا بەو بۆنەیەوە، وتی"خۆشحاڵم کە دەبینین رۆژ بە رۆژ ئاستی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە دەڕوات و دروستکردنی ئەم جۆرە ناوەندە زانستییانە، بێگومان یارمەتیدەر دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری".

وتیشی"ئەم زانکۆیە وەکو لقێک لە زانکۆی لەندەن کە زانکۆیەکی ناوداری نێودەوڵەتییە، هیوادارم بتوانێت خزمەتێکی زیاتری خوێندن و زانست لە هەرێمی کوردستان بکات".

ئەمە لە كاتێكدایە، بەپێی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا (١٨) زانکۆی حکومی هەن، لەبەرامبەردا جگە لەم زانكۆ تازەیە، (١٨) زانکۆ و لقی زانکۆیی تایبەت لە شارەکانی کوردستان کراونەتەوە.

هاوكات تا ئێستا (١٢) پەیمانگەی تایبەت لە شار و شارۆچکە جیاکانی هەرێمی کوردستان بەپسپۆڕی جیا و بەپێی پێداویستەکانی بازاری کار کراونەتەوە.

یەكێك لەو ڕەخنانەی لەلایەن شارەزایانی بواری خوێندنەوە، كە لە حكومەتی هەرێم دەگیرێت ئەوەیە رۆژ لە دوای رۆژ خوێندنی حكومی_بێبەرامبەر_پاشەكشە دەكات و لە بەرامبەردا گرنگی زیاتر بە خوێندنی تایبەت دەدرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن