حەلبوسی پێشبینی سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەكان دەكات
02:03 - 17/11/2022
زەمەن
محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دووری نازانێت خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان سەرهەڵبدەنەوە.
حەلبوسی لە وتارێكیدا لە كۆڕبەندی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لە دهۆك بەڕێوەچوو، رایگەیاند: پێویستە گرنگی بە ئازادی رادەربڕین بدرێت و باردودۆخی ژیانی هاوڵاتییان باشتر بكرێت، وتی "چونكە ئەگەر ئەمانە نەكرێن، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی سەرهەڵدەداتەوە. پێویستە حكومەت و دەسەڵاتە خۆجێیەكان تەواوی هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی ئاستی ژیانی خەڵك بەرزبكرێتەوە".
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئاماژەی بەوەشكرد، هەڵكەوتەی ستراتیژی عێراق وایكرد هەمیشە ملكەچی فشارە دەرەكییە جۆراوجۆرەكان بێت، بەپێویستی زانی عێراق دۆخی ژێردەستەیی، بەكارهێنان یان سنوورداركردن قبوڵ نەكات.
حەلبوسی لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی، ئاسایش و ئابووری، دوو بنەمای سەرەكین بۆ پێشكەوتن و پەیوەندی دراوسێیەتی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، وتی: "دەبێت ژینگەیەك بۆ كاری هاوبەش پێكبێنین".