کوردستان

بزوتنەوەی گۆڕان:
پێویستە بە بەرنامەیەکی هاوبەشەوە کار بۆ پاراستنی خاکی کوردستان بکەین

07:57 - 24/09/2022 153 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن

سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد و عومەر سەید عەلی رایدەگەیەنێت پێویستە بە بەرنامەیەکی هاوبەشەوە کار بۆ پاراستنی خاکی کوردستان بکەین.


ئەمڕۆ شەمە، فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە شاری سلێمانی سەردانی بارەگای سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد و لەگەڵ عومەری سەید عەلی کۆبووەوە.

لە کۆبونەوەکەدا کە محەمەد شوانی ڕێکخەری ژووری ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان ئامادەی بوو، سەرەتا فەھمی بورھان سەرۆکی دەستە ڕاپۆرتێکی زارەکی لەسەر کۆی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان و ئەو کێشە و مەترسییانەی کە ڕووبەڕووی ئەو ناوچانە دەبنەوە پێشکەش کرد.

ڕایگەیاند "پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کورد بە یەک گووتاری یەک گرتووەوە بەرەنگاری ئاڵنگارییەکان ببنەوە و تواناکان یەکبخرێت هاوشانی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠ ـی دەستوور وەک نەخشە ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو ناوچە کوردستانییانە و ڕێگرتن لە تەعریب و ڕاگواستنی دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو ناوچانە.

لای خۆیەوە عومەری سەید عەلی، وێڕای خۆشحاڵی بە سەردانی سەرۆکی دەستە، ڕایگەیاند: پرسی ئەو ناوچانە پرسێکی نیشتمانییە و پێویستە بە بەرنامەیەکی هاوبەشەوە کار بۆ پاراستنی خاکی کوردستان بکەین.

وتیشی: ئێمەش لە بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەی هەموو پشتیوانییەکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان ئەبین، لەم بارەیەوە ژووری ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ دەستە ڕاسپارد.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ڕێکخەری ژووری ناوچە کوردستانییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان سەرەنج و تێبینییەکانی ژوورەکەی خستەڕوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن