پۆلیسی سلێمانی لە بارەی دەسگیركردنی ژمارەیەك كارمەندی دژە تیرۆر رونكردنەوە دەدات
12:26 - 22/09/2022
زەمەن
پۆلیسی سلێمانی، ڕەتدەكاتەوە شەوی ڕابردوو چەند كارمەندێكی دژەتیرۆر لەشەقامی سالم (سەهۆڵەكە) تەقەیان كردووەو لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیركرابن و دواتر لەژێر فشاردا ئازاد كرابن .
پۆلیسی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە هەواڵێكی كەناڵی ئێن ئاڕتی لەو بارەیەوە بڵاوكردەوە.
دەقی راگەیەندراوەكەی پۆلیسی سلێمانی:
وەڵامێك بۆ هەواڵە چەواشەكارییەكەی nrt
لەهەواڵێكی چەواشەكارییانەی كەناڵی nrt دا، وا بڵاوكراوەتەوە كە گوایە شەوی ڕابردوو چەند كارمەندێكی دژەتیرۆر لەشەقامی سالم (سەهۆڵەكە) تەقەیان كردووەو لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیركراون و دواتر لەژێر فشاردا ئازاد كراون .
ئێمە لێرەوە ئەو هەواڵە چەواشەكارییەی nrt ڕەتدەكەینەوەو بەهەموو لایەكی ڕادەگەیەنین كە هیچ ڕوداوێكی لەوشێوەیە ڕوی نەداوەو داوای یاساییش لەسەر كەناڵی ناوبراو تۆمار دەكەین .
بۆیە داوا لەهەموو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەكەین كە بەرپرسانە مامەڵە بكەن و بێ گەڕاندنەوە بۆ لێدوانی ڕەسمیی كە ووتەبێژو بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییە هیچ هەواڵێك بڵاونەكەنەوە، لەكاتێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەزاری ووتەبێژو بەشی ڕاگەیاندنەكەیەوە هەمووكات ئامادەبووە بۆ وەڵامدانەوە و پێدانی زانیاری بەسەرجەم كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لەناویشیاندا كەناڵی nrt .