کوردستان

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی:
به‌بۆنه‌ی دامه‌زراندنی پارتییه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ ئازادیخوازان دەکەین

09:36 - 15/08/2022 85 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنییه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ نیشتمانپه‌روه‌ر و ئازادیخوازان ده‌كات و راشیده‌گه‌یه‌نێت ناوچەکە و عێراق و کوردستان بە قۆناغێکی ھەستیار و پڕ ئەرکدا تێدەپەڕێت.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ رایگه‌یاند: گرفتە سیاسی و ئابوورییەکان تا دێ ھەڵدەکشێن، بۆیە دەبێ ھەموومان ڕووەو چارەسەر ھەنگاو بنێین، بەرژەوەندییە باڵاکان ببینین و لە پەنجەرە گەورەکەوە سەیری ئەرکە ھەنووکەیی و ھەمیشەییەکان بکەین.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی:

ھاوڵاتییانی ئازیزی کوردستان خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان کادیر و ئەندام و دۆست و ھەوادارە قەدرگرانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ شازدەی ئابە، ڕۆژە مەزن و پڕشنگدار و بەرھەمدارەکەی گەلەکەمان، کە تیایدا پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و لە ھەمان ڕۆژیشدا ڕێزدار سەرۆک مەسعود بارزانی لەدایکبوو و چاوی بە ژیان و خەبات ھەڵێنا، دەستپێک بە دڵێکی پڕ لە ھیواوە، ھیوا بەرەو ئاییندەیەکی گەشتر، پیرۆزبایی لە رۆڵەکانی گەل، ڕێزدار سەرۆک بارزانی، نیشتیمانپەروەر و ئازادیخوازان دەکەین.
لە شازدەی ئابی ساڵی ١٩٤٦، لە نێو تاریکی زوڵم و ڕۆژگاری پڕ لە ستەمی ئەوکات و لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا، پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و سەرکێشیی خەباتێکی نەپساوەی لە پێناو ئازادی گەل و خاک و نیشتیمان وەئەستۆ گرت و لەو ساوە تا ئێستا، واتە (٧٦) حەفتاوشەش ساڵە، دەستەویەخە لە سەنگەری پێشەوەی قوربانیدانە و بۆتە ناسنامەی کوردایەتی و قۆناغ دوای قۆناغ، بە پێی ھەلومەرج و دەرفەتەکان دەستکەوتگەلێکی فرەلایەنی بۆ گەلی کوردستان وەدەستھێناوە، کە ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادیان دەکەینەوە، لەوانە:

چارەسەرکردنی گرێی سایکۆلۆژیی ژێردەستی و دروستکردنی ھیوا بۆ ڕۆڵەکانی گەل؛ ھەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلول و قوربانییەکانی و رێککەوتننامەی یازدەی ئادار؛ چۆکدادان بە پیلانی شوومی جەزائیر و شکاندنی نسکۆ و ھەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی نیشتیمانی، کە بۆ ئەوکات و ئێستایش پڕە لە ھێز و ھیوا و ھەستانەوەی نەتەوەییانە و نیشتیمانییانە؛ داڕشتنی پلان و نەخشەی حەکیمانەی ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی ١٩٩١ و ڕابەرایەتیکردنی بەرەی کوردستانی لەلایەن ڕێزدار سەرۆک مەسعود بارزانی و دواتر خاوەندارییەتیی یەکەم مانیفێستی ھەڵبژاردنی دیموکراسییانەی گەل، کە سەرۆک مەسعود بارزانی لە وتارە مێژووییەکەیدا لە ڕۆژی ٢٢ ی ئاداری ساڵی ١٩٩١ لە شاری کۆیە پێشکەشی کرد؛ شکاندنی سوپای ڕژێمی بەعس لە دوای کۆڕه‌وە ملیۆنییەکە؛ بەشداریکردنی لە دامەزراندنی ئەزموونی یەکەمین پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرپێخستنی دامەزراوەکانی تری کوردستان و بڕیاری فیدرالیەت؛ بەشداریی کارای لە پرۆسەی ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس و پرۆسەی بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستووری عێراق؛ ڕووبەڕووبوونەوەی مەردانەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و، تاجی دەسکەوتەکانیش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بوو، کە تا ھەتایە مایەی شانازیی نیشتیمانپەروەرانی کوردستانەو، وەک ئەستێرە بە ئاسمانی کوردستانەوە دەدرەوشێتەوە.

جەماوەری ئازیزی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سوودوەرگرتن لە جیھانبینیی(مستەفا بارزانی)ی ڕابەری نەتەوە و دامەزرێنەری پارتی، لە ڕۆژی گەشی دامەزرداندنییەوە تا ئێستا خەبات دەکات لە پێناو ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی، پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و سیاسی و، ھەروەسا کار دەکات لە پێناو پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و بووژانەوەی ئابووری و گەشەکردنی کولتووری و فەراھەمکردنی باشترین ژیان بۆ ھاوڵاتییان، پێخەمەت ئەو ئارمانجانەیش بەردەوام لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق لە کار و کۆششدایە بۆ کوردستانێکی بەھێز و ژیانێکی باشتر.

ھاوڵاتییانی خۆشەویست کادیر و ئەندام و دۆست و ھەوادارانی ھێژای پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدا کە ئەم یادە شکۆدارە بەرز و پیرۆز ڕادەگرین، ناوچەکە و عێراق و کوردستان بە قۆناغێکی ھەستیار و پڕ ئەرکدا تێدەپەڕێت، گرفتە سیاسی و ئابوورییەکان تا دێ ھەڵدەکشێن، بۆیە دەبێ ھەموومان ڕووەو چارەسەر ھەنگاو بنێین، بەرژەوەندییە باڵاکان ببینین و لە پەنجەرە گەورەکەوە سەیری ئەرکە ھەنووکەیی و ھەمیشەییەکان بکەین، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ھەمیشە، ڕووی لە ئاشتی، چارەسەر، یەکریزیی نێوخۆییدایە و، لەگەڵ بەغدایش دەستووری هەمیشەیی عێراق و رێککەوتن و سازان بە بنەمای چارەسەر دەزانێت و لەو پێناوەشدا ماندوو نابێ و ھەموو ھەوڵە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی خۆی دەخاتەوە گەڕ و شێلگیرانە لەو پێناوەدا خەبات دەکات.

لەم یادە پیرۆزەدا دروود بۆ گیانی شەھیدانی کوردستان دەنێرین، ئەو شەھیدە سەربەرزانەی بە خوێنی ئاڵی خۆیان کوردستانیان لە بەرزیدا ھێشتەوە، بە سەری بەرزەوە لە باڵای پڕ ئیفتیخاری پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان دەڕوانین و سڵاوی شانازییان بۆ دەنێرین.

دەرفەتێکی زێڕینە سوپاسی دڵسۆزی و لەخۆبردوویی و ئەمەکداریی سەرکردایەتی و کادیر و ئەندام و دۆست و ھەوادارانی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەین، کە لە سەختیدا پێشمەرگە و لە ئاشتیدا چرا و لە کاتی ھەڵبژاردندا دەنگی مسۆگەری سەرکەوتنن و ئیرادە بۆ نەوەکان دەگوازنەوە. سەرکەوتن بۆ گەلی کوردستان، بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە پێناو گەلی کوردستان و وەدیھێنانی ئاوات و خەونە لە مێژینەکانی دامەزراوە.

شکۆدار بێت (١٦ ی ئاب)، ڕۆژە مەزن و پڕشنگدار و بەرھەمدارەکەی گەلی کوردستان.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن