کوردستان

بارزانی و تاڵەبانی لەسەر چی گفتوگۆیان کرد؟

07:01 - 06/08/2022 1833 جار خوێندراوەتەوە


كۆبونه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی و هه‌ریه‌كه‌ له‌ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی، ئه‌گه‌رچی وا لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت كه‌ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌، به‌ڵام چه‌ندین مه‌له‌ف له‌ نێوانیاندا هه‌ن گه‌یشتن به‌رێككه‌وتن و نزیكبونه‌وه‌یان سه‌خت ده‌كه‌ن.

پێنجشەممە ٤ـی ئابی ٢٠٢٢، مه‌سعود بارزانی لە پیرمام له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان به‌ ئاماده‌بوونی فوئاد حسێن و قوباد تاڵەبانی كۆبوونه‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی باره‌گای بارزانی له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کراوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی عێراق، لە پێناو یەکخستنەوەی نێو ماڵی کوردیش، بڕیاردراوە کۆبوونەوەکان بەردەوامیان پێبدرێت. هه‌روه‌ها بریاردراوه‌ کاربکرێت بۆیەک ھەڵوێستی ھێزە سیاسییە کوردستانییەکان لە بەرامبەر ئەو ئالەنگاریانەی کەڕووبەرووی عێراق و ھەرێمی کوردستان بوونەتەوە و کۆبوونەوەکان بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامیان پێ بدرێت.

زه‌مه‌ن له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ زانیویه‌تی جگه‌ له‌ پرسی یه‌كریزی چه‌ند مه‌له‌فێكی دیكه‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراوه‌ كه‌ تائیستا خاڵی ناكۆكی نێوان هه‌ردوو حزبن.

له‌سه‌ر مه‌له‌فی حكومه‌ت و حكومڕانی، زیاتر قسه‌وباس له‌سه‌ر ناكۆكییه‌كانی نێوان قوباد تاڵه‌بانی و مه‌سرور بارزانی بووه‌ و مه‌سعود بارزانی له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا به‌ گله‌ییه‌وه‌ وتویه‌تی عه‌یبه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ دوای نزیكه‌ی ٣٠ ساڵ له‌ حكومڕانی، سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ كێشه‌ی مدیر عامێك بێن بۆ لای من.

له‌سه‌ر مه‌له‌فی ئه‌منی، باس له‌و كێشانه‌ كراوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌زگای زانیاری یه‌كێتیه‌وه‌ هه‌یه‌ و یه‌كێتی لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكێكی نوێی بۆ ده‌زگاكه‌ دیاریكردووه‌ به‌ڵام فه‌رمانی هه‌رێمی بۆ ده‌رنه‌كراوه‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا موجامه‌له‌ی یه‌كتریان كردووه‌ و باسیان له‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان كردووه‌، له‌سه‌ر مه‌له‌فی به‌غدا سووربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌فدێكی كوردستان بچێته‌ به‌غدا و رێگری بكات له‌ هه‌وڵه‌كانی گۆڕین و ده‌ستكاریكردنی ده‌ستوور، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان كۆبونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش ده‌كه‌ن.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە کۆبوونەوەکەی نێوان بارزانی و تاڵەبانی، ده‌شڵێت، ئامانج لە کۆبوونەوەکە ئامادەکاری بووە بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی عێراق لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، چونکە ترسێک هەیە لە نیەتی داهاتووی عێراق بەرامبەر بە هەرێم."

هەرچەندە تا ئێستا یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکنەکەوتوون، بەڵام لە یەکتر تێگەیشتن لە نێوانیان دا دروستبووە، هەوڵەکانیش بۆ ڕێککەوتن و کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیان بەردەوامی هەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن