کوردستان

كاتێك بە موزایەدە و چەواشەكاری وێنەكە دەشێوێنرێت

11:15 - 04/08/2022 539 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن


ئەنجامدانی بۆنەیەک بۆ دوو سزادراو لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەلێر كە بەسەرکەوتووی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان بەدەستهێنابوو، كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناو چەواشەكاری و بەلاڕێدابردنی ڕاستیەكانی تێكەوت.


زۆرینەی رەخنەكان لەسەر ئەوەبوون، كە ئەوەی خەڵاتكراوە بكوژی د.هۆشیار مامۆستای ئاینیە و زۆرینەی ئەوانەی قسەیان لەسەر بابەتەكە كردبوو بەبێ‌ زانیاری دروست كەوتنە تۆمەت بەخشینەوە بە وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی و باسیان لەوەكرد چۆن دەبێت بكوژێك خەڵات بكرێت و داوای لە سێدارەدانیان كرد.

لێرەدا چەند ڕاستیەك پێویستە وەك خۆیان ڕوونبكرێنەوە.

چاكسازییەكانی گەوران، ناوەكەی خۆی بەخۆیانەوە واتە چاكسازی لەو كەسانەی تاوانێكیان ئەنجامداوە و بارهێنانەوەیان بۆ ئەوەی لەگەڵ دەوروبەریاندا بە باشی هەڵسوكەوت بكەن و ئەگەر سزاكەیان سێدارە نەبوون بگەڕێنەوە ناو كۆمەڵگە.


سزادان و دادگایی تۆمەتبار، لەدەسەڵاتی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتیدا نیەو ئەرکی دەسەڵاتی دادوەرییە ، پاشان جێبەجێنەکردنی یاسای لە سێدارەدان نییە  چەند ساڵێکە لە ھەرێم راگیراوە.

كوێستان محەمەد، وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی وەك ئەوەی لە رونكردنەوەیەكدا باسیكردووە هیچ كاتێك لە ناسنامە و جۆری تاوانی سزادراوانی چاكسازییەكان ناپرسێت و لەو بارەیەوە دەڵێت"بڕوای تەواوم بە یەکسانی و دادپەروەری و لێبوردەیی هەیە، هەر بۆیە ڕێگامان داوە ژمارەیەکی بەرچاو لە سزاداراوانی ماددەی تیرۆر کە بە بیست ساڵ حوکم سزادراون و ئەندامانی حیزبە ئیسلامیەکانیشی تیایە بخوێنن و زۆر هاوکاریشیان بووم تەنانەت کرێی خوێندنیشیانمان بۆ پەیدا کردون".

بەپێی یاسای سزادانی عێراقی هیچ ڕێگریەک لە خوێندنی سزای لە سێدارە نیە، دەقی ماددەی ۹۸ی یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بەوانەی سزای لە سێدارەدانیان هەیە، كەسی لە سێدارەدراوی لەم مافانە بێبەش كردووە:
1. ناتوانێ وەزیفە وەرگرێ
2.ناتوانێ دەنگ بدا و کاندیدبێ
3.ناتوانێ ببێتە ئەندام و بەڕێوەبەری ئەنجومەنەکانی ئیداری و شارەوانی کۆمپانیاکان.
4.ناتوانێ ببێ بە وەصی و وەکیل و قەیم 
5.ناتوانێ؛ ببێ بە خاوەن ئیمتیاز و بەڕێوەبەری نوسینی ڕۆژنامە و بڵاو کراوەکان.
ناتوانێ ئیدارەو تەصروف بە موڵک و ماڵی بکا تەنها بە ئیزنی دادگا نەبێ
تەنانەت سزادراوی سێدارە مافی هاوسەرگیریشی هەیە.

لە هەرێمی کوردستان پەیڕەوی چاکسازی پیادە ئەکرێت کە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی کردوە و هیچ دەقێکی تیا نیە ڕێگا لە خوێندنی هیچ سزادراوێک بگرێت.

زۆربەی كادیرو بەرپرسانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لەم بابەتەدا هێرشی توندیان كردە سەر وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، ئەوەش لە كاتێكدایە سەرپەرشتیاری ئەو سزادراوانەی دەخوێنن کادری پێشکەوتوی یەكگرتووی ئیسلامیە و یەکێکیش لە میوانە سەرەکیەکانی مەراسیمەکەش برایەکی بانگخواز د. شێرزاد عەبدولوەهاب بووە کە سەپۆرتی خوێندنی چاکسازیەکە دەکات.

لەو بارەوە كوێستان محەمەد، دەڵێت "خێرە هەڵمەتەکەتان تەنیا ڕوی لەمن و حیزبەکەمە ئەی کادرەکانی خۆتان کە ئاگاداری وردەکاریەکەش بوون بەڵام خۆ ئەزانم هەڵبژاردن نزیکە و ئەمەش شێوازێکە بۆ بەدەست هێنانی دەنگ".

تەنانەت لە كۆماری ئیسلامی ئێران، ڕێگەدەدرێت بە زیندانییە مەحکوم بە ئیعدامەکان بخوێنن، بۆ نموونە زانیاری مورادی لە زیندان بڕوانامەی زانکۆی پێش لە سێدارەدانی وەرگرت.

لە زیندانێکی کەنەدا بكوژێك هەیە ناوی ڤالێری فابریكانتە حوکمی هەتاهەتای هەیە، ٣ کەسی کوشتوە، لە ساڵی 1992ەوە لە زیندانە کاتی خۆی پرۆفیسۆر بوو، دەیان ساڵە توێژینەوە لە زیندانەوە بڵاودەکاتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن