1827 کوردستان

پەرلەمانتارێک: لە هەفتەی داهاتووەوە ڕۆژانە ٣٠ بۆ ٣٥ کەس لە سلێمانی گیان لە دەستدەدەن

01:16 - 24/07/2022

زەمەن_سلێمانى


ئەندامێکى پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند،  لە نەخۆشخانەی بوژاندنەوەی دڵ لە سلێمانی سەرجەم نەشتەرگەرییە ساردەکان ڕاگیراوە، ڕۆژانە ٣٠ بۆ ٣٥ ھاووڵاتیش بەھۆی جەڵتەی دڵەوە پێویستیان بە نەشتەرگەری خێرا ھەیە.  


دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، "تەنیا بەشی یەک ھەفتە دەرمانی پزیشکی لە بەردەستە، دوای ھەفتەیەکی تر ئەوەش ڕادەگیرێت، ئیتر لە سلێمانی ڕۆژانە ٣٠ بۆ ٣٥ کەس گیان لە دەست دەدەن."  

دەقی نوسینەکەی دابان محەمەد:  



چ حکومەتێک ئاوا سەیری مردنی خەڵکەکەی دەکات! 

لە نەخۆشخانەی بوژاندنەوەی دڵ، سەرجەم نەشتەرگەرییە ساردەکان ڕاگیراوە، ڕۆژانە ٣٠ بۆ ٣٥ ھاوڵاتیش بەھۆی جەڵتەی دڵەوە پێویستیان بە نەشتەرگەری خێرا ھەیە، تەنیا بەشی یەک ھەفتە دەرمانی پزیشکی لە بەردەستە، دوای ھەفتەیەکی تر ئەوەش ڕادەگیرێت، ئیتر لە سلێمانی ڕۆژانە ٣٠ بۆ ٣٥ کەس گیان لە دەست دەدەن ... 

لە نەخۆشخانەی شێرپەنجە نزیکەی ٦٠٠ کەس گیانیان لە مەترسیدایە و بەرەو پیری مردن دەبرێن، چونکە ئامێرەکانی تیشک لە کار کەوتون، ئەم ئامێرانە کە کڕدراون چاککردنەوەی بەردەوامی دەوێت، ٢ ساڵە ئەم چاککردنەوەیە ڕاگیراوە, پارەی چاککردنەوەی ئەم ئامێرانە لە ماوەی ٢ ساڵدا تەنیا یەک ملیۆن دۆلارە (( خەڵک ھەبوە سەرەی گرتوە بۆ تیشک، دوای ٦ مانگ کە تەلەفۆنی بۆ کراوە، کەس و کارەکەی وتویانە مردوە. خەڵک ھەبوە لە قۆناغی سەرەتای شێرپەنجەدا بوە و چارەسەری زۆر ئاسان بوە، کاتێک سەرەی ھاتوە، لە پێشکەوتوترین نەخۆشخانەی دنیاش ناتوانرێت چارەسەری بۆ بکرێت)). 

سەیر ئەوەیە پاڵەوانەکانی دۆلار ! لەم کابینەیە، ژمارەی قەبە لە داھاتی فرۆشتنی نەوت دەخەنەڕوو کە ١ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار مانگانەیە، ژمارەی قەبە لە زیادکردنی داھاتی ناوخۆ دەخەنەڕوو کە ھەندێک مانگ گەیشتوەتە، ٤٠٠ ملیار دینار، لە ھەموی سەیرتر باس لە دانەوەی ملیاران دۆلار قەرز دەکەن بە کۆمپانیا و وڵاتان! لە ناو ئەم ژمارە گەورانە ئەوەی بێ نرخە گیانی خەڵکە. ھیچ حکومەتێک لە دنیا ھێندە بێ باک نیە، دانیشێت سەیری مردنی خەڵکەکەی بکات. 

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن