کوردستان

دوایین زانیاری له‌سه‌ر 9 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونه‌كه‌ی حكومه‌ت

04:45 - 27/06/2022 153 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"


ئه‌مرۆ دووشەممە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، لە دیوانی وەزارەت سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی کرد تایبەت بەو پڕۆژانەی یەکەی نیشتەجێبون کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە جێبەجێدەکرێت.

 

لە کۆبونەوەکەدا، کە بەڕێوەبەری گشتی دیوان و بەڕێوەبەری گشتی تەکنیک و بەڕێوەبەری گشتی پارێزگاکان و جێگرەکانیان و بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی شارەکان و ژمارەیەک لەبەرپرسانی دیکەی وەزارەت ئامادەی بون، گفتوگۆکرا سەبارەت بە دانانی پلان و میکانیزم بۆ تەواوکردن و دابەشكردنی ئەو (٩)هەزار و چوار یەکەیەی نیشتەجێبون کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە جێبەجێدەکرێن، کە بەشێکیان تەنها لایەنی خزمەتگوزاری ماوەو لەقۆناغەکانی کۆتاییدان.

 

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە کۆبونەوەکەدا تیشکی خستەسەر کۆبونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکی حکومەت تایبەت بە تەواوکردنی یەکەکانی نیشتەجێبون و رایگەیاند؛ خۆشبەختانە سەرۆکی حکومەت بەدەم داواکارییەکانمانەوە هات و چارەسەری گونجاو بۆ تەواوکردنی ئەو (٩)هەزار و چوار یەکەیەی نیشتەجێبون پەسەندکرا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاردراوە سندوقی نیشتەجێکردن کارا بکرێتەوە، کە هەنگاوی یەکەمە بۆ تەواوکردنی یەکەکان و ئێمەش هەمو هەوڵەکانمان بۆ ئەوە دەبێت کە بەزوترین کات رێوشوێنی پێویست بگرینەبەر و ئەو یەکانەی نیشتەجێبون تەواو بکەین، هەروەک جەختی کردەوە؛ ئامانجمان تەواوکردنی یەکەکان و دابەشکردنیەتی بەسەر کەسانی شایستەدا.

 

هەر لە کۆبونەوەکەدا رێنمایی و بڕیاری پێویست دەرکرا، سەبارەت بە چۆنێتی دەستبەکاربونەوەی پڕۆژەکانی نیشتەجێببون و تەواوکردنیان، لەگەڵ دانانی میکانیزمێک بۆ دابەشکردنی یەکەکان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن