عیراق

هەوڵێكی نوێ بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار دەست پێدەكات

06:20 - 23/06/2022 673 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن_عێراق


لە پەرلەمانی عێراق، هەوڵێكی تازە بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار دەدرێت و واژۆی 100 پەرلەمانتار كۆدەكرێتەوە.

 
عودەی عەواد، پەرلەمانتاری عێراق  نووسراوێكی بڵاو كردووەتەوە كە ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراوە و تیایدا هاتووە: "بەپێی ماددەی 61ی دەستووری عێراقی و ماددەی 56ی سیستەمی ناوخۆی پەرلەمان، داواكارین بابەتی دابەزاندنی نرخی دۆلار، لەنزیكرین دانیشتنی پەرلەمان بخرێتە ڕوو".

 

ئەو پەرلەمانتارە، 100 واژۆی پەرلەمانتارانیان بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی كۆ كردووەتەوە.


بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2021، بانکی ناوەندی 100 دۆلار بە 146 هەزار دینار دەخاتە بازاڕەوە، بەڵام نرخەكە بەجۆرێكە بۆ هاووڵاتی نرخی 100 دۆلار زیاتر لە 148 هەزار و 500 دینارە.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "بەرزیی نرخی دۆلار و خراپیی دۆخی ئابووری، كاریگەریی خراپی بۆ سەر هاووڵاتییان هەیە و دەبێت نرخی دۆلار كەم بكرێتەوە".

پێشتر پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاندووە: "تاوەکوو سێ ساڵی دیکە ناتوانین بەهای دۆلار بەرمابەر بە دینار بگەڕێنینەوە بۆ نرخە کۆنەکەی".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن