چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ خۆپیشاندەرانی بەغدا: كۆتایی بە خۆپیشاندان بهێنن
10:23 - 28/12/2021
"زەمەن"
چوارچێوەی هەماهەنگی، داوای لە خۆپیشاندەرانی بەغدا كرد، كۆتایی بە خۆپیشاندان بهێنن.
هشام ركابی، بەڕێوەبەری نوسینگەی رۆژنامەوانی نوری مالیكی، لە تویتێكدا رایگەیاند: چوارچێوەی هاوئاهەنگی نامەیەکی سوپاسگوزاریی ناوەڕۆک بەرز بۆ خۆپێشاندەران دەنێرێت و سوپاسیان دەکات لەسەر هێشتنەوەی مۆرکی ئاشتییانەی خۆپێشاندانەکان و شەرمەزارکردنی ساختەکاری و چەسپاندنی ئەوە لە رای گشتی.
ئاماژەی بەوەشكردووە، "هەروەها سوپاسیان دەکەین لە شەرمەزارکردنی ئەو لایەنانەی لە پشتی ساختەکارییەکانەوە بوون، چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوایان لێدەکات بکشێنەوە، لەگەڵ ئەوەی مافیان هەیە رۆژانەی داهاتوو خۆپێشاندان بکەنەوە".
لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، لایەنگرانی هێز و لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، بەردەوام لە ناوچەی سەوز خۆپیشاندان و ناڕەزاییان دەربڕیوە.
ئەم داواكارییە دوای ئەوەدێت، دادگای فیدراڵی دوێنێ دووشەممە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد.