محەمەدی حاجی مەحمود: بەپێویستی دەزانین قەیرانەكان چارەسەر بکرێن
09:48 - 28/12/2021
"زەمەن"
محەمەدی حاجی مەحمود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست، دەڵێت: سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی حزبم كردووە و تێیدا بەپێویستمانزانیوە ئەو قەیرانانەی کە ڕووبەرووی هاوڵاتیان بوونەتەوە چارەسەر بکرێن.
ئەمرۆ سێشەممە 28-12-2021 لەگوندی گوڵەخانەی دەڤەری شارەزوور، ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
محەمەدی حاجی مەحمود، لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ڕێوشوێنی پێویست و میکانیزمی پێویست گیرایەبەر بۆ بەستنی کۆنگرەی 7ی حسک و دانانی بەرنامەیەکی داڕێژراو بۆ بەڕێوەجوونی کارەکانی کۆنگرە تا گۆڕانکاریەک و نوێ بوونەوەیەک لەناو پلان و پرۆگرامی حزبدا بکرێت".
وتیشی: هاوکات هەر لەکۆبوونەوەکەدا، بە پێویست مان زانی ئەو قەیرانەی کە ڕووبەرووی هاوڵاتیانی کوردستان بوونەتەوە چارەسەر بکرێن، و دۆخی ئێستای کوردستان چارەسەر بکرێن و بە بەرنامەیەکی نوێ پێشوازی لە ساڵی نوێ بکرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، "کۆچی گەنجان بەرەو دەرەوەی وڵات چارەسەری ئەو دیاردەیە باسی لێوەکرا و هەرەوەها هێرشەکانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە و شەهیدبونی 22 پێشمەرگە و ژمارەیەک هاوڵاتی جێی سەرنجی کۆبوونەوەکەی ئەمرۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بوو".
محەمەدی حاجی مەحمود، لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا، دەڵێت: ساڵی ڕابردوو ساڵی کۆرۆنا و نەهامەتیەکان رۆشت و هیوادارین ساڵی نوێ ساڵی چارەسەر کردنی کێشەکانی کوردستان بێت.