گەورەترین و پێشکەوتووترین تێلیسکۆپی جیهان رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا
08:54 - 26/12/2021
"زەمەن"
ئاژانسی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی ئەمریکا (NASA) رایگەیاند کە گەورەترین و پێشکەوتووترین تێلیسکۆپی جیهان "جیمس وێب"ی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کردووە.
"جەیمس وێب" کە پێشتر بەهۆکاری جۆراوجۆر رەوانەکردنی بۆ بۆشایی ئاسمان دواخرا، دوێنێ لە پەخشێکی راستەوخۆدا لە سەکۆی گوینای فەڕەنسا لە کەناری باکووری خۆرهەڵاتی کیشوەری ئەمریکای باشوور، رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا.
لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت "جەیمس وێب" لە دوای مانگێک لە خولگەکەی کە نزیکەی ١،٦ ملیار کیلۆمەتر لە زەویەوە دوورە جێگیر ببێت و لە ساڵی ٢٠٢٢دا دەست بە کۆکردنەوەی یەکەم زانیاری و دیمەن بکات.
ناسا رایگەیاند لە سایەی هاوێنەی ئەو تێلیسکۆپەوە کە دەتوانرێت ٦،٥ مەتر درێژ بکرێت دەتوانرت تیشکی زیاتر کۆبکرێتەوە و چاودێری وردەکاری زیاتر بکرێت.
"جەیمس وێب" دوایین بەرهەمی تەکنەلۆجیایە کە خاوەنی تەکنیکی ئینفرارێدە و ١٠ ملیار دۆلاری تێچووە، بەهۆی ئەوەی سیستمی بینایی پێشکەوتوو تێدایە دەتوانێت هەر لە سیستمی خۆرەوە تا درێژترین گەلەئەستێرە ببینێت و لە هەموو قۆناغەکانی مێژووی گەردوون بکۆڵێتەوە.
"جەیمس وێب" کە بەرهەمی هاوبەشی ناسا و ئاژانسەکانی بۆشایی ئاسمانی سەربە ئەورووپا و کەنەدایە، وەک جێگرەوەی تێلیسکۆپی بۆشایی "هۆبل" دادەنرێت کە گەورەترین و بەهێزترین روانگەی زانستییە تا ئێستا دروست کرابێت.